نوری مالیکی دەڵێت" رازی نابێت حەشدی شەعبی هەڵبوەشێتەوە و تەنانەت تێکەڵ بە دامەزراوە ئەمنییەکانی دیکەش بکرێت"، هۆشداریشیدا لەوەی بە جوڵاندنی هاولاتیانی هەژار لە عێراق ڕوداوەکانی سوریا دوبارە دەبێتەوە.
نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنامەنووسی سەبارەت بە چوارچێوەی هاوئاهەنگی رایگەیاند"هیچ جێگرەوەیەک بۆ چوارچێوەی هاوئاهەنگی نییە ئەگەرچی زۆر کەس ئاواتەخوازن هەڵبوەشێتەوە".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا نوری مالکی خۆی بە دامەزرێنەری حەشدی شەعبی ناساند و هۆشداریدا لەوەی فشاری نێودەوڵەتی بۆ هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی قبوڵ ناکەن، وتیشی "تێکەڵ کردنەوەی حەشدی شەعبی لە ناو هێزە ئەمنیەکانی دیکەش بە مانای لەناوچونی حەشدی شەعبیە و ئەوان قبوڵی ناکەن".
مالیکی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ترسیشی دەربڕی کە بە جوڵاندنی خەڵکی هەژار لە عێراق پێشهاتەکانی سوریا دوبارە دەبێتەوە.
نوری مالیکی ڕەتیشیکردەوە کە سەر بە ئێران بێت و ڕایگەیاند "سەر بە هێچ شوێنێک نیە بەڵام سیاسەتی عێراق پەیوەندی کردنە لەگەڵ ولاتانی ناوچەکە".