لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی سێ تەوەری سەرەکی تاوتوێ دەکرێن

لە ڕەشنوسی بەیاننامەی لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە ئەمڕۆ سێشەممە لە قاهیرە بەڕێوەبچێت، سێ پرسی سەرەکی دەربارەی فەڵەستین و غەززە تاوتوێ دەکرێن. 

بەپێی هەواڵێکی ماڵپەڕی سکای نیوزی عەرەبی، ئەمڕۆ کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر بەڕێوەبچێت کە بەشێک لە سەرکردەی وڵاتانی عەرەبی و ئەوروپی گفتووگۆ لەسەر چەند تەوەرێک دەکەن. 

ماڵپەڕەکە لە ڕاپۆرتەکەیدا تەوەری سەرەکی کۆبوونەوەکەی بڵاوکردووەتەوە کە تێیدا هاتووە" پەسەندکردنی ئەو پلانەی کە لەلایەن میسرەوە پێشکەشکراوە، بە هەماهەنگی تەواو لەگەڵ فەلەستین و وڵاتانی عەرەبی، و بە پشتبەستن بەو لێکۆڵینەوەیانەی کە بانکی جیهانی و سندوقی گەشەپێدانی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنجامیانداوە، سەبارەت بە بوژانەوەی پێشوەختە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، وەک پلانێکی هەمەلایەنەی عەرەبی، و کارکردن بۆ پێشکەشکردنی هەموو جۆرە پاڵپشتییەکی دارایی و ماددی و سیاسی بۆ جێبەجێکردنی، هەروەها هاندانی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و دامەزراوە داراییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەوەی بە خێرایی پشتیوانی پێویست پێشکەش بە غەززە بکەن، پلان و جەختکردنەوە لەوەی کە هەموو ئەم هەوڵانە هاوتەریب لەگەڵ دەستپێکردنی چوارچێوەیەک بۆ چارەسەرێکی هەمیشەیی و دادپەروەرانە بە ئامانجی گەیشتن بە خواستەکانی گەلی فەلەستین بەرەوپێش دەچن". 

هەروەها لوتکەی عەرەبی پێشوازی لە بەڕێوەچوونی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی لە قاهیرە دەکات لە زووترین کاتدا بۆ بوژانەوە و ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە، بەپێی سەرچاوە دیپلۆماسییەکان.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەی لوتکەی عەرەبی هۆشداری دراوە لە هەر هەوڵێکی گوناهبارانە بۆ ئاوارەبوونی گەلی فەلەستین، یان هەوڵدان بۆ لکاندنی هەر بەشێک لە خاکە داگیرکراوەکانی فەلەستین.

لە ڕەشنووسی بەیاننامەی لوتکەی عەرەبیدا ئەوەش هاتووە" داوای کۆتاییهێنان بە هێرشەکانی ئیسرائیل لە کەرتی غەززە دەکات کە بریتین لە شوێنی نیشتەجێبوون، باڵەخانە و ڕووخاندنی ماڵ و دەستبەسەرداگرتنی زەوی". 



AM:10:11:04/03/2025