لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوادا بڕیاردرا بە دورخستنەوەی سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە لە پۆستەکەی و دەڵێت" دانیشتنی لێپرسینەوەکەی لە ڕووی یاساییەوە نادروستە".
بەپێی هەواڵی میدیاکانی عێراق، دوای تەواوبوونی نیسابی یاسایی بە ئامادەبوونی ٢٩ ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، ئەنجومەن دانیشتنێکی بۆ لێپرسینەوە لە ئەحمەد حاسود سەر بە هاوپەیمانی (عەقدی وەتەنییە) کە لە لایەن فالح فەیاز سەرۆکی دەستەی حەشدی شەعبییەوە سەرۆکایەتی دەکرێت ئەنجامدا.
ئاماژە بەوەشدەکەن، لە دانیشتنەکەدا بە زۆرینەی دەنگ متمانە لە ئەحمەد حاسود سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای نەینەوا سەنرایەوە و لە پۆستەکەی دورخرایەوە، ئهوهش لهبهر چهند دۆسهییهك کە پەیوەندییان بە ئەنجامدانی چەند سەرپێچییەکەوە هەیە.
لای خۆشییەوە ئەحمەد حاسود، سەبارەت بە دورخستنەوەی لە پۆستەکەی ڕایگەیاندووە" پابەندنەبوون بە پەیڕەوی یاسایی دیاریکراو، ئەمەش وادەکات هەر بڕیارێک لەلایەن ئەوەوە دەربچێت لە ڕووی یاساییەوە نادروست بێت".
ڕوونیکردەوە کە ئەو ڕێوشوێنانەی لە دانیشتنەکەدا گیراوەتەبەر پێشێلکردنی بڕگەکانی یاسای ژمارە ٢١ی ساڵی ٢٠٠٨ی هەموارکراوە، جگە لە مادەی ٣٠ی پەیڕەوی ناوخۆی ئەنجومەن کە تێیدا هاتووە" پرسیارەکان دەبێت حەوت ڕۆژ پێش بەرواری دانیشتنەکە بگاتە دەستی ئەو کەسەی لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکرێت، بەڵام لە ماوەی یاساییدا نەگەیشتوون، چونکە پرسیارەکان لە ڕۆژی ٣ی ئەم مانگە چوونەتە بەشی ئەولەویاتی ئەنجومەنەوە، و لە ڕۆژی ٤ی ٣یش بەسەر ئەنداماندا دابەشکراون، لە کاتێکدا دانیشتنەکە ڕۆژی دواتر واتە ئەمڕۆ بەڕێوەچووە".