عێراق ڕۆژی ١٧ی ئایاری وەک وادەی لوتکەی عەرەبی لە بەغداد دیاریکرد

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" کۆمکاری عەرەبی دووپاتیکردەوە کە لوتکەی عەرەبی لە ١٧ی ئایار لە بەغداد بەڕێوەدەچێت". 

وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەمڕۆ پێنج شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق دوانزەهەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئامادەکاری بۆ لوتکەی عەرەبی لە بەغداد ئەنجامدا".


بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، لە دیدارەکەدا هەریەک لە ئەمینداری گشتی ئەنجومەنی وەزیران، حەمید غازی، سەرۆکی شارەوانی بەغدا، عەمار موسا کازم، و ئەحمەد نایف ڕەشید دولەیمی، یاریدەدەری وەزیری دەرەوە، جگە لە ژمارەیەک بەرپرسی وەزارەت و کەرتە پەیوەندیدارەکان ئامادەی کۆبوونەوەکە بوون. 

هەروەها هاتووە" پێداچوونەوە بە دوایین ئامادەکارییەکان بۆ لوتکەکە کرا، هەروەها باس لەو ڕاپۆرتانەی کە لەلایەن لیژنە پەیوەندیدارەکانەوە پێشکەشکرابوون کە بریتی بوون لە ئامادەکارییە لۆجستی و تەکنیکی و ڕێکخراوەییەکان، جگە لە گفتوگۆکردن لەسەر پلانی ورد بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی چالاکییەکە، لەوانەش ڕێکارە ڕێوڕەسمییەکان و هەماهەنگی ئەمنی و میدیایی". 

وەزیری دەروەی عێراق لە میانی کۆبوونەوەکەدا ئاماژەی بەوەدا کە کۆمکاری عەرەبی پشتڕاستیکردەوە لوتکەی عەرەبی لە ١٧ی ئایار لە بەغداد بەڕێوەدەچێت. 

فوئاد حسێن دووپاتیکردەوە کە" لوتکەی عەرەبی شایەتحاڵی گفتوگۆی گرنگترین ئەو پرسانە دەبێت کە پەیوەندییان بە نەتەوەی عەرەبەوە هەیە".



PM:01:47:06/03/2025