ئەمڕۆ وادەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی ئەمریکا بۆ کڕینی غازی ئێران کۆتایی دێت و واشنتۆن داوا لە بەغداد دەکات واز لە پشتبەستن بە سەرچاوەی وزەی ئێران بهێنێت.
لە وەڵامی ئەوەی کە ئایا واشنتۆن گەیشتووەتە ڕێککەوتنێک بۆ نوێکردنەوەی بەخشینی عێراق لە سزاکانی سەر هاوردەکردنی غازی ئێران، کە ئەمڕۆ شەممە کۆتایی دێت، تامی بروس وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا ڕایگەیاند" لەم کاتەدا هیچ شتێکمان نییە ڕایبگەیەنین سەبارەت بە لێخۆشبوونی ئێستای کارەبا، کە لە ٨ی ئازار کۆتایی دێت".
ئاماژەی بەوەشکرد کە پێداچوونەوە بە هەموو ئەو لێخۆشبوونانەی سزاکاندا دەکەن کە ببنە هۆی هاوکاری ئابووری و دارایی بۆ ئێران.
ئاشکراشیکرد کە داوا لە عێراق دەکەن "بە زووترین کات" پشتبەستن بە سەرچاوە وزەی ئێرانی ڕابگرێت.
ئێستا عێراق ٢٧ هەزار مێگاوات کارەبا لە ڕێگەی وێستگەکانەوە بەرهەم دەهێنێت، کە زۆربەیان بە غاز کاردەکەن، بەڵام هەندێکجار توانای بەرهەمهێنانی بۆ ١٧ هەزار مێگاوات دادەبەزێت.
ئەم بڕەش پێداویستییەکانی عێراق بۆ کارەبا پڕ ناکاتەوە بەو پێیەی پێویستی بە ٤٠ هەزار مێگاوات هەیە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام.