"پلانمان بۆ هەر پێشهاتێكی پەیوەست بە هاوردەكردنی غازی ئێرانی داڕشتووە"

وتەبێژی حكومەتی عێراق ڕایدەگەیەنێت" وڵاتەکەی بە فەرمی لە كۆتاییهاتنی لێخۆشبوون لە غازی هاوردەی ئێرانی ئاگادار نەكراوەتەوە". دەشڵێت" حكومەت سیناریۆی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەر پێشهاتێكی پەیوەست بە هاوردەكردنی غازی ئێرانی داڕشتووە". 

باسم عەوادی وتەبێژی حکومەتی عێراق، ئەمڕۆ شەممە لە لێدوانێکدا بە ئاژانسی هەواڵی عێراقی (INA) ڕاگەیاندووە" پەیوەندی نێوان عێراق و ئەمریكا لە ئێستادا ئارامە، و پەیوەندییەكانی نێوان سەرۆك وەزیران و ترامپ بابەتیانە و پیشەیی و لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەكتر بوو، هەروەها هەردوولا باسیان لە پەرەپێدانی پەیوەندی نێوان بەغدا و واشنتۆن كرد، ئەمەش لەبەر ڕۆشنایی هۆشیاری هەردوولا لە گرنگی سەقامگیری عێراق وەک فاکتەرێکی سەرەکی سەقامگیری ناوچەکە". 

وتیشی" بڕیارە لە ساڵی ٢٠٢٨ عێراق لە پرسی وزەدا بگاتە قۆناغی خۆبژێوی و پێویستی بە هاوردەكردنی غاز نابێت لە دەرەوە". 

جەختیشی لەوە كردەوە، هیچ فشار و هەڕەشەیەك لەسەر عێراق نییە، عێراقیش ئەم جۆرە پەیوەندییە لەگەڵ هیچ وڵاتێك قبوڵ ناكات، بچوك یان گەورە، بەڵام گفتوگۆ لە زۆر بواردا لەگەڵ زۆر وڵات هەیە، لەوانە چین، ڕووسیا، بەریتانیا، ئەمریكا.

عەوادی دەشڵێت" هیچ سزا و فشارێك لەسەر عێراق سەبارەت بە كوتلەكان، دۆلار، یان كۆمپانیای نەوتی سۆمۆ نییە، بەڵام گفتوگۆ و وتووێژ و ئاڵوگۆڕی بیروڕا هەیە، هەروەها لە ئاستە جیاوازەكانی وەك وەزارەتی دەرەوە، باڵیۆزخانە، یان شاندەكان قسە دەكرێت و ئەو جۆرە بابەتانە لەلایەن ئەوانەوە دەوروژێنرێن تەنها بۆ زیاتر بەهێزكردنی دۆخی ئەمنی عێراق". 

وتەبێژی حکومەتی عێراق ڕاشیگەیاند" عێراق بە فەرمی لە هەڵوەشاندنەوەی هێزەكانی حەشدی شەعبی و نە هیچ دامەزراوەیەكی ئەمنی ئاگادار نەكرایەوە، هەروەها ئاگادار نەكرایەوە لە كۆتایی هاتنی لێخۆشبوونەكان لەسەر غازی هاوردەكراوی ئێران، بەڵام سەرۆك وەزیران خراپترین سیناریۆی وەك ئەگەر داوای ئامادەكاری كرد لە دۆسیەی لێخۆشبوونەكاندا". 

لە درێژەی قسەکانیدا باسم عەوادی وتی" گفتوگۆی حكومەت لەگەڵ كوتلە چەكدارەكان بەردەوامە، هەڵوێستی هەموو لایەنەكان، تەنانەت لە ڕووداوەكانی سوریاشدا هەڵوێستێكی عەقڵانی و هاوسەنگ بوو، لە ڕێگەی ئەوەوە توانیمان قەیرانەكە چارەسەر بكەین". 

عەوادی ئاماژەی بەوەشکرد، حکومەتی عێراق مامەڵە لەگەڵ خراپترین سیناریۆ دەکات لە فایلە جیاوازەکاندا، لە نێویاندا پرسی وزە، بەو پێیەی کۆبوونەوە چڕەکانی کەرتەکان دەستیپێکردووە بۆ پەرەپێدانی چەندین ڕێگا بۆ تێپەڕاندنی هەر قەیرانێکی کارەبا بە هاوکاری وەزارەتەکانی کارەبا و نەوت. 



PM:09:40:08/03/2025