د. جوان فواد مهعسوم
ئیلاف كە یەكێكە لەپڕترین خوێنرەكانی ماڵپەرە عەرەبییەكان، لەسەر دامەزراندنی د. جوان فواد مەعسوم بە " سكرتێر" راپۆرتێكی كردووەو ئەمە دەقە راپۆرتەكەیە.
دەقی وەرگێردراوی راپۆرتەكەی ئیلاف
دامەزراندنی كچێكی سەرۆك كۆماری عێراق بەناونیشانی سكرتێر، بەمووچەی مانگانەی 13 ملیۆن دیناری عیراقی، نیگەرانییەكی زۆر بەدوای خۆیدا دێنێت، بەجۆرێك كە بەشداربووانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان ئاماژەیان پێداوە "عیراق بۆتە نێچیرێك و هۆكارێك بۆ بەتاڵان بردنی پارەكەی لەلایەن سەركردەكانیەوە بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان".
بەكارهێنەرانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڕیارێكی سەرۆكایەتی كۆماری عیراقیان ئاشكرا كردووە، بە دامەزراندنی جوان فوئاد مەعسوم كچی سەرۆك كۆماری عیراق بەمووچەیەك كە بڕەكەی 12.900.000 دوانزە ملیۆن و نۆسەد هەزار دیناری عیراقییە.
تۆڕەكانی كۆمەڵایەتی ئەو بڕیارەی سەرۆكایەتی كۆمار بەتاڵانبردن و دزینی پارەی عیراق ناودەبەن و شەپۆلێكی توندی ناڕەزایەتی لێكەوتۆتەوە، كە وەك ئەوان دەڵێن "عیراق لەم دۆخی شەڕ و سك هەڵگوشین و ئاوارەبوون و شەڕ و كوشتارەدا بۆتە نێچیرێكی ئاسانی سەركردەكان و بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان خستۆتە پێش هەموو شتێكەوە".
بەپێی ئەو فەرمانەی كە ئیمزای نەسیر عایف عانی سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی كۆماری لەسەرە، جوان فوئاد مەعسوم كەكراوەتە سكرتێری باوكی، مووچەكەی بە دەرماڵەكانەوە دەگاتە 30 ملیۆن دینار واتە 26 هەزار دۆلاری ئەمریكی.
بەپێی بڕیارەكە، جوان مەعسوم گرێبەستێكی بۆ كراوە بۆ ماوەی 1 ساڵ كە شایەنی درێژكردنەوەیە لە 2-9-2014 تا 1-9-2015 و وەك هاوڕێكانی لەسەرۆكایەتی كۆمار، هەموو دەرماڵە و پاداشتێكیش دەیگرێتەوە.
پێشتر جوان مەعسوم پلەی وەزیری گەیاندن بووە لە حكومەتەكەی ئیبراهیم جەعفەریدا، لەساڵی 2005.
بەهۆی دەركەوتنی "گەندەڵیشەوە" لەكارەكانیدا، دەستەی نەزاهە لەمانگی تەمموزی 2009دا تۆمەتباری كرد.
دوای ئەو رووداوەش لەسەر راسپاردەی فوئاد مەعسومی باوكی كە لەدەرەوەی دادگا چارەی بكات، داوای لە سەرۆك تاڵەبانی سەرۆك كۆماری پێشووی عیراق كردووە كێشەكەی بۆ چارەسەر بكات لەدەرەوەی دادگاكان، ئەویش پاش ئەوەی دەستەی نەزاهە لەڕێگەی فەرمانگەی یاسایی خۆیەوە یاداشتی دەستگیر كردنی بۆ جوان فوئاد مەعسوم دەركرد بە تۆمەتی گەندەڵی دارایی و ئیداریی.