وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" بەرەنگاربوونەوەی داعش پێویستی بە پشتیوانی ناوچەیی و نێودەوڵەتی هەیە". دەشڵێت" بوونی داعش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و عێراق هەیە".
فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە لە کۆنفرانسی وڵاتانی دراوسێی سوریا کە لە عەممانی پایتەختی ئوردن بەڕێوەچوو، ڕایگەیاند" کارکردن بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی داعش پێویستی بە هەوڵی سوریا بە تەنیا نییە، بەڵکو پێویستی بە هاوکاری ناوچەیی و نێودەوڵەتییە".
وتیشی" سەقامگیری لە سووریا پێویستی بە کردنەوەی دیالۆگ لەگەڵ پێکهاتە جیاوازەکانی ئەو وڵاتە هەیە".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئاڵوگۆڕی زانیاری لە نێوان وڵاتانی دراوسێی سوریا بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش زۆر گرنگە.
فوئاد حسێن هێمای بۆ ئەوەشکرد کە" بەرەنگاربوونەوەی داعش ئەرکی ئێمەیە، بەو پێیەی بوونی داعش کاریگەری نەرێنی لەسەر ئاسایشی ناوچەکە و عێراق دەبێت".
وەزیری دەرەوەی عێراق ڕاشیگەیاند" عێراق کار بۆ دروستکردنی دۆخی سەقامگیری لە سوریا دەکات، چونکە ئاسایشەکەی لە وڵاتانی دراوسێدا ڕەنگدانەوەی هەیە".