ئەمریکا چەند بانکێک لە عێراق سزا دەدات

گەنجینەی ئەمریکا دوای کۆبوونەوەی لەگەڵ بانکی ناوەندی عێراق هەڵمەتی سزادانی دژی بانک و کۆمپانیا عێراقییەکان دەستیپێکرد.

ئاژانسی هەواڵی رۆیتەرز بڵاویکردەوە، دوو سەرچاوەی ئاگاداری ڕاستەوخۆی عێراق ڕایانگەیاندووە، بانکی ناوەندی عێراق پێنج بانکی ناوخۆیی دیکە لە مامەڵەکردن بە دۆلاری ئەمریکی قەدەغە دەکات، ئەمەش دوای کۆبوونەوەکانی لەگەڵ بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا دێت لە هەوڵەکانی بەرەنگاربوونەوەی سپیکردنەوەی پارە و قاچاخچێتی دۆلار و پێشێلکارییەکانی دیکە.

یەکێک لە سەرچاوەکان ڕایگەیاندووە، ئەم هەنگاوە دوای کۆبوونەوەکانی هەفتەی ڕابردوو لە دوبەی دێت لە نێوان بەرپرسانی بانکی ناوەندی عێراق و بەرپرسانی گەنجینەی ئەمریکا و یەدەگی فیدراڵی، هاوکات بانکی ناوەندی لەساڵی ڕابردوودا هەشت بانکی لە مامەڵەی دۆلاری ئەمریکی قەدەغەکردبوو .

زیاد هاشمی، شارەزای بواری بانکی، لە پۆستێکیدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک، بڵاویکردەوە، گەنجینەی ئەمریکا سزاکانی بۆسەر عێراق  دەستیپێکرد، و لە یەکەم هەڵمەتیشدا چەند بانک و کۆمپانیایەک سزادەدرین بەتۆمەتی ئاڵوگۆر و مەمەڵەکردن و گواستنەوەی دۆلار بۆ ئەو گروپ و وڵاتانەی کە سزایان بەسەردا سەپێنراوە.

ئاماژەی بەوەشکرد، "گەمارۆکانی ئەمریکا بەفەرمی لەڕێگەی ئۆفیسی هەواڵگری دارایی ئۆفاک لە گەنجینەی ئەمریکاوە، گەیشتووەتە دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانی عێراق".

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتریش ئەمریکا هۆشداری دا بوو بە بەرپرسانی عێراق بۆ سنووردارکردنی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ ئێران، بە تایبەت چەندین بانک تۆمەتبارکرابوون بەوەی پێویستییەکانی ئێران بۆ دۆلار دابین دەکەن.





PM:07:28:10/03/2025