سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشور: چاومان لە قەتەر و عومانە بۆ هاوردەکردنی غاز

سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوری عێراق رایگەیاند، چاویان لە غازی قەتەر و عومانە وەک  جێگرەوە غازی ئێران، دەشڵێت"رێککەوتنێک لەگەڵ ئەو دو وڵاتە واژۆ دەکرێت و تا ناوەڕاستی ئەمساڵ دەستبەوەرگرتنی غاز دەکەن".

حەمزە عەبدولباقی، سەرۆکی کۆمپانیای غازی باشوری عێراق بە ئاژانسی رۆیتەرزی ڕاگەیاند"عێراق وێستگەیەکی غازی سروشتی شل بەکرێ دەگرێت بۆ کەمکردنەوەی کاریگەرییەکانی راگرتنی هاوردەکردنی غازی ئێران".

ئاماژەی بەوەشکرد" چاویان لە غازی  هەردو وڵاتی قەتەر وعومانە وەک جێگرەوەی غازی ئێران و لە کۆتایی مانگی ئازاریشدا ڕێککەوتن لەگەڵ کۆمپانیایەک واژۆ دەکەن بۆ هاوردەکردنی غاز لەو دو وڵاتەوە، پێشبینیش دەکرێت تا ناوەڕاستی ئەمساڵ دەست بە هاوردەکردنی غازی ئەو دو وڵاتە بۆ عێراق بکرێت".

ئاشکراشیکرد"ئەو پڕۆژەیە دەتوانێت لانیکەم ١٤ ملیۆن مەتر سێجا غاز لە ڕۆژێکدا دابین بکات کە دەکاتە نزیکەی یەک لەسەر سێی دابینکردنی ئێستای ئێران".




PM:01:40:11/03/2025