دوای چەندجار دواخستن و ناڕەزایەتی سەرکردە شیعەکانی عێراقی سەر بە ئێران، ئەمڕۆ وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی عێراقی کردو لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا باسیان لە دەستوەردان لە کاروباری سوریا کرد.
رۆژی هەینی ١٤ ی ئازار، دوای سەردانەکەی شیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بۆ بەغدا لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەگەریدا لەگەڵ فواد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق لەسەر چەند پرسێک قسەیان بۆ رۆژنامەنووسان کرد.
ئەسعەد شەیبانی وەزیری دەرەوەی سوریا بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند "دەبێت پێکەوە کار بکەین بۆ ئەوەی ئارامی و سەقامگیری بەدیبێت، چارەنووسمان هاوبەشە و دەبێت شانبەشان بۆ نەوەکانی داهاتوومان کار بکەین."
لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی "دەبێت سووریا و عێراق بە تووندی لە دژی ئەوانە بوەستنەوە کە دەیانەوێت دەستوەردان لە کاروباری نێوخۆمان دەکەن".
لەلای خۆیەوە، فوئاد حوسێن وەزیری دەرەوەی عێراق ئاماژەی بە کارکردن بۆ پێکهێنانی لیژنەی ئەمنی لە نێوان ولاتی دراوسێکانی سوریا کرد.
هەروەها وتیشی " رێککەوتننامەکەی ئەحمەد شەرع و مەزڵووم عەبدی بۆ سووریا زۆر پێویست بوو."
فوئاد حوسێن دەشڵێت "داعش هەڕەشەیە بۆ سەر عێراق و سووریاش".
لەو ماوەیەی رابردوودا چەندجارێک پلاندانرا وەزیری دەرەوەی سوریا سەردانی بەغدا بکات، بەڵام دواخرا، هەندێک سەرکردەی میلیشیا شیعەکانی سەر بە ئێران لێدوانی دژ و هەڕەشەیان لە بەرپرسانی سوریا دەکردو، ئەو سەردانەیان رەتدەکردەوە.