ماکرۆن لەگەڵ سودانی تاوتوێی سەردانەکەی بۆ عێراق دەکات

سەرۆکی فەرەنسا لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی عێراق، سەردانی داهاتووی خۆی بۆ عێراق و ئەگەری ئەنجامدانی کۆنفرانسی بەغدای تاوتوێ کرد.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئەمشەو شەممە لە بەیاننامەیەكدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە ئیمانوێل ماكرۆن سەرۆكی فەرەنساوە پێگەیشت، لەو ماوەیەدا سەرجەم دۆسیە و بابەتەكانی بەرژەوەندی هاوبەشی نێوان هەردوو وڵات تاوتوێ كران". 

لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، هەردوولا هاوڕابوون كە تیمێكی دووقۆڵی وادەیەك بۆ سەردانەكەی ماكرۆن بۆ بەغدا دیاری بكات، و گفتوگۆش لەسەر ئەگەری ئەنجامدانی سێیەمین كۆنفرانسی هاریكاری و هاوبەشی بەغدا بكەن.

ئەوەشخراوەتەڕوو، لەپەیوەندییەکەدا بۆچونەکانی نێوان عێراق و فڕەنسا یەکگرتو بوو، هەروەها پرۆسەی سیاسی نوێ لە سوریا دەبێت ڕەنگدانەوەی هەمەچەشنی کۆمەڵایەتی بێت، لەگەڵ جەخت کردنەوە لەسەر پێویستی بەرەنگاربونەوەی تیرۆر و توندڕەوی و کارکردن بۆ بەدیهێنانی پرۆسەیەکی سیاسی فرەلایەن و گشتگیر. 

هەروەها وتیشی" سەبارەت بە بارودۆخی ناوچەكە، ڕێككەوتن لەسەر هەماهەنگی هاوبەشكرا بۆ بەرزكردنەوەی سەقامگیری و دووركەوتنەوە لە پەرەسەندنی زیاتر، هاوكات جەخت لەسەر گرنگی دۆزینەوەی چارەسەرێكی ئاشتیانە بۆ دۆسیەی ئێران و مەترسی نەكردن لە پەرەسەندن و پێویستی چارەسەركردنی ناكۆكیەكان لە ڕێگەی دیالۆگەوە كرایەوە". 

سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی كردەوە، پەرۆشی عێراق بۆ بەردەوامیكردنی پەیوەندییە دووقۆڵییەكان و بەرزكردنەوەی هاوكارییەكان لەسەر ئاستە جیاوازەكان، بەتایبەتی لە بوارەكانی ئابووری و ڕۆشنبیری، ئاماژەی بە ئەو پڕۆژە گرنگانەی كە كۆمپانیا فەرەنسییەكان ئەنجامی دەدەن، و ئەگەری فراوانكردنیان لە ژێر ڕۆشنایی سەردانەكەی داهاتووی سەرۆكی فەرەنسا بۆ عێراق.

لای خۆیەوە سەرۆكی فەڕەنسا خواستی وڵاتەكەی بۆ درێژەدان بە هاوكاری لەگەڵ عێراق لە بوارە جیاجیاكاندا دووپاتكردەوە، هەروەها جەختیكردەوە" ئامادەیی فەرەنسا بۆ هەماهەنگی لەگەڵ عێراق لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر، بە لەبەرچاوگرتنی ئەو تەحەدایە جیهانییەی كە دروستی دەكات و مەترسی لەسەر ئاستی ناوخۆی و ناوچەیی، لە هەمانكاتدا ستایشی ڕۆڵ و هەوڵەكانی عێراقی كرد لە بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر". 



PM:10:03:15/03/2025