سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی لەوەکردەوە کە هەوڵی جدی دەدەن بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان و دانوستانەکانیشیان لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکاندا بەردەوامە.
رۆژی دووشەممە، ١٧ی ئازاری ٢٠٢٥ محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق پێشوازی لە ئەلپئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا کرد و لە دیدارەکەدا جەختی لە پەرۆشی بەغداد کردەوە لەسەر پتەوکردنی پەیوەندییە هاوبەشەکان لەگەڵ کۆمپانیا تورکییەکان لەسەرجەم کەرتەکان و کەرتی وزەش کە حکومەتی عێراق هەوڵی جۆراوجۆرکردنی سەرچاوەکانی دەدات.
ئەوەشی خستەڕوو کە عێراق خوازیارە لە بواری هاوردەکردنی کارەبا و پرۆژەی ڕێگای گەشەپیدان و کەرتی ئاو و دەستەبەرکردنی پشکی ئاو پەیوەندییەکانی لەگەڵ تورکیا پتەوبکاتەوە.
سوودانی ڕاشیگەیاند" حکومەتی هەوڵی جدی دەدات بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێی بەندەری جەیهان و ڕوونیشیکردەوە کە دانوستانەکانیان لەگەڵ ئەو کۆمپانیا بیانییانەی نەوتدا بەردەوامن کە لە هەرێمی کوردستاندا کاردەکەن".
لای خۆشیەوە ئەلپئەرسلان بەیرەکدار، وەزیری وزە و سەرچاوە سروشتییەکانی تورکیا خواستی وڵاتەکەی بۆ هاریکاریکردنی زیاتر لەگەڵ عێراقدا خستەڕوو لە نێویشیاندا پرۆژەکانی پاڵوتگەکان و پیشەسازی پیترۆکیمیاوی و هەروەها گردنگیی هەناردەکردنی نەوتی بەسڕە لە ڕێی بەندەری جەیهانەوە.
هەر دوێنێش وەزیری وزەی تورکیا لە هەولێر لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و "هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر نەهێشتنی هەموو ئاستەنگ و بەربەستەکانی بەردەم هەناردەکردنی نەوتی هەرێمی کوردستان لە ڕێگەی بەندەری جەیهان لە زووترین کاتدا”.