بەرپرسێکی باڵای ئیمارات، وردەکارییەکانی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ بۆ ئێران ئاشکرا دەکات و دەڵێت"ئەمریکا هەشت داواکاری لە ئێران هەیە، لەوانە هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی".
عەبدولخالق عەبدوڵا، شرۆڤەکاری سیاسی و ڕاوێژکاری پێشوی ئەمیری ئیمارات، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی ئێکس، وردەکارییەکانی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا بۆ خامنەیی ئاشکرا کردوە.
ئەو دەڵێت"ئەمریکا لە پەیامەکەیدا، هەشت داواکاریی سەرەکی لە ئێران هەیە، لەوانە، ڕاگرتنی تەواوەتی بەرنامە ئەتۆمییەکەی، ڕاگرتنی پیتاندنی یۆرانیۆم و کۆتاییهێنان بە ناردنی چەک بۆ حوسییەکان لە یەمەن."
ئاماژەی بەوەش کردوە، ترەمپ لە نامەکەیدا، هەروەها داوای بڕینی پاڵپشتیی دارایی ئێران بۆ حیزبوڵای لوبنان و هەڵوەشاندنەوەی حەشدی شەعبی دەکات.
بە گوێرەی زانیارییەکانی ئەو شرۆڤەکارە سیاسیە، ترەمپ دەرفەتێکی دو مانگەی بە ئێران داوە بۆ ئەوەی ئەو داواکارییانە جێبەجێ بکات، بە پێچەوانەوە هێرشی سەربازیی بەرفروانی دەکرێتە سەر.
ئەو شرۆڤەکارە سیاسییە ئاشکراشی کردوە، ترەمپ لە نامەکەیدا، پێشنیازی کردوە، دانوستانی راستەوخۆی نێوان ئێران و ئەمریکا لە ئیمارات ئەنجام بدرێت.