ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە خێراکردن لە پرۆسەی چاکسازی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید بەپێی پێوەرە نێودەوڵەتییەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" محەمەد شیاع سودانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، بە ئامادەبوونی نوێنەرانی کۆمپانیای ئێرنست ئەند یۆنگ سەرۆکایەتی کۆبوونەوەیەکی تایبەتی بۆ دواداچوونی ڕێکارەکانی چاکسازی بانکەکانی ڕەشید و ڕافیدەین کرد".
بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، کۆبوونەوەکە پێداچوونەوەی بە قۆناغەکانی کار لە بابەتی چاکسازی بانکەکان کرد کە حکومەت پەیڕەوی دەکات بۆ ڕێکخستنەوە و پەرەپێدانی بانکەکانی ڕافیدەین و ڕەشید، هەروەها تاوتوێی پێداچوونەوەی سیستمی ناوخۆی هەردوو بانکەکە کرا بەشێوەیەک کە گونجاو بێت لەگەڵ پێوەرە نێودەوڵەتییەکان و ئامانجەکانی چاکسازی بانکی، سەرەڕای گفتوگۆکردن لەسەر دۆسیەی قەرزەکانی تایبەت بە هەردوو بانکەکە و میکانیزمەکانی دانەوەیان، و ڕێکارەکانی گیراونەتەبەر بۆ ڕاهێنانی کادیرەکانی هەردوو بانکەکە.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی وەزیرانی عێراق فەرمانیدا بە بەردەوامبوونی پرۆسەی چاکسازی بۆ هەردوو بانکەکە، و بەڕێوەبردنیان بۆ دانانی ئەو ستراتیژیەتانەی کە بەشدار دەبن لە خێراکردنی پرۆسەی چاکسازی.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە" لە کۆبوونەوەکەدا بەدواداچوون بۆ ڕێکارەکانی دامەزراندنی بانکێکی نوێ کرا بە ناوی بانکی ڕافیدەینی یەکەم، بە دیدێکی جیاواز کە تەکنەلۆژیای نوێ و پێوەرە نێودەوڵەتییەکان پەیڕەو دەکات کە یارمەتیدەر دەبن لە جێبەجێکردنی ئامانجەکانی حکومەت لە چاکسازی دارایی و بانکی، بەشێوەیەک کە ڕەنگدانەوەی هەبێت لەسەر بواری ئابووری و جووڵەی گەشەپێدان لە وڵاتدا، هەر لە کۆبوونەوەکەدا تێچووى دارایى و کارگێڕییەکانیشى بۆ دیاریکرا".