ژمارەی دەستگیرکراوانی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی عێراق لە ئەستەنبوڵ گەیشتە ١٢ کەس.
ئاژانسی ئەنادۆڵی تورکیا، ئەمڕۆ دووشەممە بڵاویکردەوە" دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی عێراق لە ئەستەنبوڵ بەردەوامە و ژمارەی دەستگیرکراوەکان گەیشتووەتە ١٢ کەس".
ئاژانسەکە ڕاشیگەیاندووە" بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ئیستەنبوڵ بەردەوامن لە لێکۆڵینەوەکانیان سەبارەت بە هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی عێراق لە شیشلی".
ئاماژەی بەوەشکردووە، پۆلیس دوو تۆمەتباری دەستگیرکرد کە تەمەنی یەکێکیان لە خوار ١٨ ساڵەوە بوو، دوای ئەوەی لە سەر ڕێگایەکی خێرا لە ئەستەنبوڵ تووشی ڕووداوێکی ماتۆڕسکیل بوون، ناسنامەکەیان وەک تۆمەتبارانی هێرشە چەکدارییەکە بۆ سەر کونسوڵخانەی عێراق دەستنیشانکرا.
ئەوەشی خستەڕوو، لە چوارچێوەی لێکۆڵینەوەکاندا، دەسەڵاتدارانی تورکیا سێ کەسیان کە دووانیان لە خوار تەمەنی 18 ساڵەوەن لە پارێزگای ئیزمیر دەستگیرکرد، دەرکەوت کە پەنایان بردبووە ناو ڤێلایەک لە ناحیەی سیلیڤری لە جەرگەی ئەستەنبوڵ کە وەک بارەگای ڕێکخراوێکی تاوانکاری بەکاردەهێنرا.
ئەنادۆڵ دەشڵێت" شەش کەس بەهۆی تێوەگلانیان لە هێرشەکەدا و هاوکاری و شوێنی حەوانەوەیان بۆ ئەنجامدەرانی هێرشەکە دەستگیرکران، هەروەها پۆلیسی تورکیا لە میانی ئۆپەراسیۆنێکی ئەمنی لە ناحیەی شیشلی ئیستەنبوڵ کەسێکی دەستگیرکرد کە گومانی ئەوەی لێدەکرا پلاندانەری سەرەکی هێرشەکەی سەر کونسوڵخانەی عێراق بێت".
ئاماژەی بەوەشکردووە، لە کاتی گەڕان بەناو ماڵی تۆمەتباراندا، پۆلیس ئەو تفەنگەی کە لە هێرشەکەدا بەکارهاتووە و ماتۆڕسکیلێکی دزراو و ئۆتۆمبێلێکیش کە ئەندامانی ڕێکخراوی تاوانکاری بەکارهێنراون دۆزیوەتەوە و پۆلیس تائێستا لێکۆڵینەوە لە ١٢ تۆمەتبارەکە دەکات.
ڕۆژی هەینی ڕابردوو لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە، لە ناوچەی شیشلی لە ئیستەنبوڵ، تەقە لە کونسوڵخانەی عێراق کرا.