دوێنێ دووشەممە فوئاد حسێن جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە عەباس عراقچی وەزیری دەرەوەی ئێرانەوە پێگەیشت و لەو ماوەیەدا کۆمەڵێک بابەتیان تاوتوێ کرد.
بەپێی بەیاننامەیەکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوولا تاوتوێی" دواین پێشهاتەکانی غەززە و لوبنانیان کردووە، لە ژێر ڕۆشنایی پێشێلکردنی ئاگربەست لەلایەن قەوارەی ئیسرائیلییەوە، هەروەها هێرشەکانی ئەمریکا بۆ سەر یەمەن، وەزیری دەرەوەی ئێران نیگەرانی خۆی لەو پێشهاتانە دەربڕی".
وەزیری ئێران هەروەها کورتەیەک لە ناوەرۆکی نامەکەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ سەرکردایەتی ئێران، بە نوێنەرایەتی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران، بۆ فوئاد حسێن هاوتا عێراقییەکەی خستەڕوو و جەختی لەوە کردەوە کە حکومەتی ئێران وەڵامی نامەکە دەداتەوە.
هەر لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا پەیوەندییە دووقۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و پێویستی درێژەدان بە پەیوەندی و هەماهەنگی هاوبەش تاوتوێ کرا.
لای خۆیەوە فوئاد حسێن نیگەرانی خۆی لە پەرەسەندنی ناوچەکە دەربڕی، هەنگاوی پێداچوونەوەی بە ناوەڕۆکی نامەکەی ترامپ بەرزنرخاند، هەروەها جەختی لەسەر هیوای خۆی کردەوە کە ئاڵوگۆڕی نامەکە یارمەتیدەر بێت بۆ کردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان هەردوولادا.
دوو هەفتە پێش ئێستا ترامپ لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ کەناڵی فۆکس نیوز ڕایگەیاندبوو کە نامەیەکی بۆ عەلی خامنەیی ناردووە و پێشنیاری "دانوستانی ڕاستەوخۆ"ی کردووە.