وتەبێژی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت" زیاتر لە ٢٩ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق". دەشڵێت" هیچ كەسێک مافی ئەوەی نییە تۆماری دەنگدانی خۆی بۆ كەركوك بگوازێتەوە".
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" دوێنێ قۆناغی تۆمارکردنی دەنگدەران لە ١ هەزار و ٧٩ ناوەندی پێشوازیکردن لە دەنگدەران لە سەرانسەری پارێزگاکانی عێراق کرایەوە، ئەمەش بۆ دڵنیابوونە لەوەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا تۆماری دەنگدەرانی نوێ بەکاردەهێنن".
ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمە قۆناغی یەکەمی پرۆسەی هەڵبژاردنە، و قۆناغێکی چارەنوسسازە، بەو پێیەی دەنگدەرانی پێشتر تۆمارنەکراو لە خۆدەگرێت بە مەبەستی تۆمارکردنی داتای بایۆمەترییەکانیان.
وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق ئەوەشی خستەڕوو، کۆمسیۆن داتای لە دایکبوونی نوێ بۆ ١٠ ساڵی داهاتوو لە وەزارەتی بازرگانی لە ڕێگەی کارتی بەشە خۆراکەوە وەرگرتووە، واتە ئەوانەی لە دایکبوون لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٧ بۆ ٢٠١٧.
جومانە غەلای ڕوونیشیکردەوە، سیستەمی تۆماری دەنگدەرانی بایۆمەتری نوێکراوەتەوە بۆ لە دایکبووانی نوێ کە ژمارەی دەنگدەران زیاتر لە یەک ملیۆن دەنگدەر کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە دایکبوون.
باسی لەوەشکرد، زیادکردنی ژمارەی لە دایکبوونی نوێ بۆ ژمارەی دەنگدەران دەگاتە زیاتر لە ٢٩ ملیۆن دەنگدەر کە لە هەڵبژاردنی داهاتوودا دەتوانن دەنگ بدەن.
هەروەها داوای لەو کەسانە کرد کە لە ساڵی ٢٠٠٧ لە دایکبوون، سەردانی نزیکترین ناوەند بکەن بۆ تۆمارکردنی داتای بایۆمەتری و بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا.
لەبارەی گواستنەوەی تۆماری دەنگدەران لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە، وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق وتی" ڕێگە پێدراو نییە بۆ هیچ کەسێک تۆماری دەنگدانی خۆی تەنها بۆ پارێزگای کەرکوک بگوازێتەوە".