ئەم هاوینە عێراق دەکوڵێت


 وەزیری کارەبای عێراق له‌ لێدوانێكدا دەڵێت " گه‌مارۆكانی ئه‌مریكا هاورده‌كردنی كاره‌با له‌ ئێرانه‌وه‌ ده‌گرێته‌وه‌، به‌ڵام هیچمان لەللا روون نییە سه‌باره‌ت به‌ غاز‌، ئه‌گه‌ر سزاكانی ئه‌مریكا هاورده‌كردنی غاز له‌ ئێرانه‌وه‌ له‌خۆ بگرێت، تووشی هاوینێكی سه‌خت و گه‌رم ده‌بینەوە".

زیاد عه‌لی فازڵ، وەزیری کارەبای عێراق له‌ لێدوانێكی رۆژنامه‌وانیدا رۆژی هەینی ٢٨ ی ئازار رایگەیاند" تا ئێستا گفتوگۆكان له‌ واشنتن سه‌باره‌ت به‌ ‌ده‌ركردنی عێراق بۆ ئه‌مساڵیش له‌ سزاكانی سه‌ر ئێران به‌رده‌وامن، تا بتوانین پێداویستی وێستگه‌ غازیه‌كانی كاره‌با دابینبكه‌ین و ئەمساڵی هاوین هاوڵاتیان تووشی گرفتی گەورە نەبن".

لە دوای رووخانی رژێمی پێشوو لە ٢٠٠٣ەوە عێراق نزیکەی ٨٠ ملیار دۆلاری بۆ کەرتی کارەبا خەرج کردووە، لەگەڵ ئەوەشدا هێشتا سیستەمی کارەبا ناجێگیرە، جگە لەوەش وڵاتەکە زۆر پشت بە هاوردەکردنی غاز لە ئێرانەوە دەبەستێت کە تێچووی هاوردەکردنی ساڵانە نزیکەی شەش ملیار دۆلارە.

بەپێی رێككەوتنی نێوان بەغدا و تاران سەبارەت بە دابینکردنی غازی ئێرانی بۆ وێسگەکانی کارەبا لە عێراق، پێویستە ئێران ڕۆژانە بڕی  ٥٠ ملیۆن مەتر سێجا غاز بدات بە عێراق، هەروەها کارەبای عێراق بەڕێژەی ٤٠% پشت بە کارەبای ئێران دەبەستێت کە ١١ هەزار مێگاواتە.

ئەوە لە کاتیکدایە ئەمەساڵیش هەر لە ئێستاوە پسپۆرانی کەشناسی پێشبینی دەکەن کە ساڵی وشەکەساڵی بێت لە عێراق بەهۆی کەمی بارانبارینەوەو پلەکانی گەرماش بەشێوەیەکی بەرچاو هەڵکشێن.




PM:08:29:28/03/2025