بڕیارە سەرۆک وەزیرانی عێراق سەردانی تورکیا بکات و لەگەڵ ڕەجەب تەیب ئەردۆغان سەرۆک کۆماری ئەو وڵاتە کۆبێتەوە، ئەندامێکی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراقیش سەردانەکە بە
هەنگاوێکی ستراتیجی بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگە ناوچەییەکان وەسف دەکات.
موختار موساوی ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە لێدوانێکدا بە ماڵپەڕی (بەغداد ئەمڕۆی) ڕیگەیاندووە" سەردانەکەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ تورکیا لە کاتێکی زۆر هەستیاردایە، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی پێشهاتەکانی ئەم دواییەی ناوچەکە، وەک لەشکرکێشی ئیسرائیل بۆ سوریا".
وتیشی" ئەم سەردانە دەرفەتێکە بۆ بەرزکردنەوەی هاوکارییەکانی نێوان عێراق و تورکیا لەسەر کۆمەڵێک بابەتی ئەمنی و ئابووری".
موسەوی ڕوونیشیکردەوە، یەکێک لەو پرسە دیارانەی کە دەبێت لە نێوان هەردوولادا گفتوگۆی لەسەر بکرێت، بەهێزکردنی کۆنتڕۆڵی سنوورەکانی نێوان هەردوو وڵاتە، ئەمەش دەبێتە هۆی داخستنی بۆشاییە ئەمنییەکان.
هەروەها جەختیشی لە گرنگی پرسی ئاو کردەوە، بەتایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئەو قەیرانەی ڕووبەڕووی عێراق دەبێتەوە لە وەرزی هاویندا کە ڕەنگە کێشەی وشکەساڵی گەورەتر بکات و دووپاتیکردەوە کە" حکومەتی عێراق هەوڵدەدات دڵنیابێت لەوەی پشکی دادپەروەرانەی خۆی لە ئاو لە تورکیا وەردەگرێت".
ئاماژەی بەوەدا کە" سەردانەکە باس لە پرسە گرنگەکانی ئابووری و بازرگانی دەکات، وەک پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان کە پێشبینیدەکرێت لە گفتوگۆکانی نێوان سودانی و ئەردۆغاندا لە پێشینەی کارەکان بێت".
موسەوی لە کۆتایی قسەکانیدا وتی" ئێمە پاڵپشتی ئەم سەردانە دەکەین بەهۆی گرنگییەکەی لە پتەوکردنی هاوکارییەکانی نێوان هەردوو وڵات لە بوارە جیاجیاکاندا، بە تایبەتی لەبەر ڕۆشنایی ئاستەنگە گەورەکانی بەردەم ناوچەکە".