كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق جەخت لە بەڕێوەچوونی پرۆسەی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەران لە وادەی دیارکراوی خۆی دەکاتەوە.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە لێدوانێکدا ڕایگەیاندووە" كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە ڕووی دەستوری و یاساییەوە پابەندە بە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی دیاریكراودا".
ئاماژەی بەوەشكرد، ژمارەی دەنگدەرانی نوێ لە دایكبووی ساڵی ٢٠٠٧ یەك ملیۆن دەنگدەری تێپەڕاندووە.
ئەوەشی خستەڕوو، پرۆسەی نوێكردنەوەی تۆماری دەنگدەران بریتییە لە تۆماركردنی دەنگدەری نوێ، ڕاستكردنەوەی داتا، سڕینەوەی ناوی مردووەكان، جگە لە تۆماركردنی هێزە چەكدارەكان و خزمەتگوزارییە ئەمنییەكان و ئاوارەكان.
جومانە غەلای باسی لەوەشکرد، كۆمسیۆن لە ڕێگەی ١٠٧٩ ناوەندی تۆماركردنەوە لە سەرتاسەری عێراق پێشوازی لە دەنگدەران دەكات، ئەمە جگە لەوەی تیمی گەڕۆك دەنێرێت بۆ دامەزراوەكان و وەزارەتەكانی دەوڵەت بە ئامانجی هۆشیاركردنەوەی خەڵك و پەروەردەكردن لەسەر گرنگی نوێكردنەوەی تۆماری هەڵبژاردنەكان.
غەلای هێمای بۆ ئەوەشکرد، لە ئێستادا كۆمسیۆن كار لەسەر نۆژەنكردنەوە و ئامادەكردن و پاراستنی ئامێرەكانی هەڵبژاردن دەكات بۆ دڵنیابوون لە بەڕێوەچوونی كارامەی پرۆسەی هەڵبژاردن.
هەروەها جەختی لەوە كردەوە، پێویست ناكات هەموو دەنگدەران سەردانی ناوەندەكانی تۆماركردن بكەن، بەو پێیەی هەركەسێك كارتی دەنگدەرێكی هەبێت كە وێنەی كەسی تێدابێت و داتاكانی نەگۆڕاوە دەتوانێت ڕاستەوخۆ بەكاریبهێنێت، و پرۆسەی نوێكردنەوەش گواستنەوەی نێوان پارێزگاكان و ڕاپۆرتكردنی مردنەكانیش لە خۆدەگرێت.
لە كۆتایی قسەكانیدا جەختی لەوە كردەوە، كۆمسیۆن بەردەوامە لە كارەكانی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكان لەو بەروارەی كە ئەنجومەنی وەزیران دیاری كردووە.