سەرۆک وەزیرانی عێراق رایگەیاند " ئێمە توانیمان عێراق لە تێوەگلانەوە لە شەڕ دووربخەینەوە، هەرچەندە هەندێک کەس هەبوو دەیناویست لە شەڕەوە بگلێین".( بەبێ ئەوەی ناوی ئەو کەسانەو پۆستەکانیان بهێنێت).
محەمەد شیاع سودانی لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند" ناوچەکە بە دۆخێکی ئاڵۆزدا تێدەپەڕێت و گەورەترین تاقیکردنەوەی حکومەتیش ئەوە بوو، چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو قەیرانانەدا بکات کە هەن، سەرەڕای هەڵوێستی نەگۆڕی بۆ دۆسیەی فەلەستین."
سوودانی دەڵێت، "بە مامەڵەکردنی ژیرانە و بەرپرسیارانە توانیمان عێراق بپارێزین و رێگە نەدەین بچێتە نێو شەڕ، هەرچەندە هەندێک دەنگی هەڵچوو و پەلەکار هەبوون دەیانویست عێراق ببەنە نێو شەڕ و ململانێکانەوە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق باسی لە دۆخی ئابووریی وڵاتەکەی کرد و گوتی، "ناتوانین ئاییندەی وڵات تەنیا بە نەوتەوە گرێ بدەین، بەتایبەتی کە عێراق خاوەنی توانای کشتوکاڵ، پیشەسازی و گەشتیارییە. وڵاتەکەمان بە پێگە جوگرافییەکەی وەکو رێڕەوێکی بازرگانیی جیهانی جیادەکرێتەوە، هەربۆیە پڕۆژەی رێگەی گەشەپێدانمان دەستپێکرد."