پەرلەمانتارێکی عێراق: زۆرینەی لایەنەکان لەگەڵ ئەوەدان یاسای هەڵبژاردن هەموار نەکرێت

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی ناکۆکی نێوان لایەنەکان لەبارەی هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان، کاتێکی زۆری دەوێت و بۆ ئەوەی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچێت و بۆیەش پێویستە دەبێت یاسای هەڵبژاردن وەک خۆی بمینێتەوە.

محەممەد بەلداوی  پەرلەمانتاری فراکسیۆنی سادیقون لەپەرلەمانی عێراق  ڕایگەیاند"بەهۆی ڕێکنەکەوتنی نێوان لایەنەکان و ناکۆکییەکانیان، هەموارکردنەوەی یاسای هەڵبژاردنەکان کاتێکی زۆری دەوێت، چونکە هەموارەکە سەرجەم بڕگەکانی یاساکە دەگرێتەوە و سەرجەم هێز و لایەنەکانیش دیدگای تایبەت بە خۆیان هەیە لەبارەی پرسەکە".

ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر چی هەندێک لایەن و کەسایەتی سەربەخۆی نێو پەرلەمان لەگەڵ هەموارکردنەوەی یاساکەن، بەڵام زۆرینە لەگەڵ مانەوەی یاساکەدا بن بەو جۆرەی ئێستا هەیە، تاوەکو هەڵبژاردنەکان لە وادەی خۆیدا بەڕێوەبچێت.

ئەو پەرلەمانتارە وتوشییەتی" بۆ ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق لە کاتی خۆیدا بەڕێوەبچیت و دوانەکەوێت، دەبێت یاسای هەڵبژاردنەکان وەک خۆی بمێنێتەوە ودوای هەڵبژاردنی خولی داهاتوی پەرلەمان هەموار بکرێت".




PM:02:08:06/04/2025