لە میانی کۆبوونەوەیەکدا کە لە نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی بەڕێوەچوو، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە وادەی دیاریکراوی خۆیدا کردەوە و جەختیش دەکاتەوە کە" هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە دوای بخات یان کاتی بگۆڕێت".
لە ڕاگەیەندراوێکی چوارچێوەی هەماهەنگیدا هاتووە" چوارچێوەی هەماهەنگی کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی بە ژمارە (٢٢٤) لە نوسینگەی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، نوری مالیکی، ئەنجامدا بۆ تاوتوێکردنی دوایین پێشهاتە سیاسی و ئەمنییەکان لە عێراق و ناوچەکە و جیهان".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، چوارچێوەی هەماهەنگی جەختی لەسەر پێویستی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پهرلهمان لە وادەی دیاریکراوی کۆتایی ئەمساڵدا کردووەتەوە.
هەروەها جەختیشی لەوە کردووەتەوە، هیچ لایەنێک مافی ئەوەی نییە هەڵبژاردنەکان دوابخات یان ئەو خشتە کاتییانەی کە بۆ پرۆسەی هەڵبژاردنەکان دیاریکراون هەڵبوەشێنێتەوە، ئەو ستاندارد و بڕیارانەی پەسەندکراون بۆ سەرکەوتنی.
لە کۆتاییدا چوارچێوەی هەماهەنگی داوای لە" حکومەت کرد کەشێکی هەڵبژاردنەکان دروستبکات و مەرجەکانی ئاسایشی هەڵبژاردنەکان دابینبکات و پشتگیری پێشکەش بە کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان بکات بۆ دڵنیابوون لە سەرکەوتنی پرۆسەکە".
هەروەها لە بەیاننامەکەدا داوا لە هاوڵاتییان کراوە" دەستبەرداری مافی دەستووری خۆیان نەبن بۆ هەڵبژاردنی نوێنەرەکانیان و بە دەنگدان بە کەسانی لێهاتوو بەشێوەیەکی کاریگەر بەشداری بکەن".
بڕیارە لە کۆتایی ئەمساڵدا هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق بەرێوەبچێت و چەند رۆژێک پێش ئێستاش کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان ئامادەکارییەکانی بۆ ئەو پرۆسەیە دەستپێکرد.