حیزبوڵای عێراقی دەنگۆی چەكدانانی ڕەتدەكاتەوە، دەڵێت" ڕێكاری یاسایی بەرامبەر ئەو میدیایانە دەگرنەبەر بەناوی ئەوانەوە هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە".
حیزبوڵای عێراقی لەڕاگەیاندراوێكدا هەواڵێكی ئاژانسی ڕۆیتەرزی ڕەتكردەوە كە لەزاری سەركردەیەكی حیزبوڵاوە باسی چەكدانانی كردوە، بڵاویكردەوە" ئەو لێدوانانە هیچ پەیوەندییەكی بە پرەنسیپ و هەڵوێستی ئەوانەوە نیە".
حیزبوڵای عێراقی داوای لە میدیا ناوخۆیی و نێودەوڵەتیەكان كرد ورد و ڕاستگۆ بن لە بڵاوكردنەوەی هەواڵ و زانیارییەكانیان لەسەرچاوەی ڕاستەقینەوە وەربگرن، جەختی كردەوە هەر لێدوانێك لەلایەن محەمەد محی وتەبێژی فەرمی و جەعفەر حسێنی وتەبێژی سەربازیی حیزبوڵای عێراقی نەدرێت، درۆیە و ناڕاستە.
حیزبوڵای عێراقی دەڵێت" مافی خۆیانە ڕێكاری یاسایی بگرنەبەر بەرامبەر ئەو میدیایانەی چەواشەكاریی دەكەن و هەواڵی ناڕاست بڵاودەكەنەوە لەپێناو پاراستنی پێوەرەكانی ڕاستگۆیی و بنەماكانی كاری ڕۆژنامەوانی".