وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دیاریکرا

ئەمڕۆ چوارشەممە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق دەنگیدا بە دیاریکردنی ڕۆژی ١١ی تشرینی دووەمی ئەمساڵ وەک وادەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ ئەنجومەنی وەزیران دانیشتنێکی بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق ئەنجامدا بۆ تەواوکردنی کارەکانی ئەنجومەن و ئەو بڕیارانەی دوێنێ سێشەممە دراون.

هەروەها مانگی ڕابردوو کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەستپێکردنی پرۆسەی نوێکردنەوەی تۆماری دەنگدەرانی ڕاگەیاند و ئاماژەی بەوەدا کە" پرۆسەکە بۆ ماوەی یەک مانگ بەردەوام دەبێت". 

نزیکەی ٣٠ ملیۆن کەس مافی دەنگدانیان هەیە لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی پەرلەمانی عێراقدا کە بڕیارە لە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵدا بەڕێوەبچێت.

ڕۆژی ١٣ی کانوونی دووەمی ئەمساڵ ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە دانیشتنی ئاسایی خۆیدا دەنگیدا بە درێژکردنەوەی ماوەی دەستەی کۆمسیارانی کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکان.



AM:11:16:09/04/2025