لە مانگێکدا عێراق نزیکەی ٢٣ هەزار هاوسەرگیری و ٥ هەزار جیابوونەوەی تۆمارکردووە

ئەمڕۆ پێنج شەممە ئەنجوومەنی باڵای دادوەری عێراق ئامارێکی لەبارەی دۆسیەی هاوسەرگیری و جیابوونەوە لە سەرجەم پارێزگاکان جگە لە هەرێمی کوردستان بڵاوکردەوە کە لە مانگی ئازاردا نزیکەی ٢٣ هەزار گرێبەستی هاوسەرگیری و زیاتر لە چوار هەزار حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراون.

ئەنجومەنەکە لە ئامارێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەغدای پایتەخت لە پێشەنگی لیستی گرێبەستی هاوسەرگیریدایە کە شەش هەزار و ٣٩٥ گرێبەست و هەزار و ٧٩٩ حاڵەتی جیابوونەوەیان هەیە.

لە کاتێکدا پارێزگای موسەنا کەمترین گرێبەستی هاوسەرگیری هەبووە و گەیشتووەتە ٥٩٤ گرێبەست و کەمترین ڕێژەی جیابوونەوەش بووە، کە تەنها ٧٨ حاڵەت بووە.

بەپێی ئامارەکەی ئەنجومەنی باڵای دادوەری، بەگشتی لە مانگی ڕابردوودا ٢٢ هەزار و ٩٦٧ گرێبەستی هاوسەرگیری لە عێراقدا ئەنجامدراوە، لە بەرامبەریشدا، چوار هەزار و ٩٧٤ حاڵەتی جیابوونەوە تۆمارکراوە.



PM:04:13:17/04/2025