كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق ژمارەی ئەو پارت و هاوپەیمانییە سیاسییانەی لەگەڵیدا تۆماركراون هەژماركرد، داواش لەو حزب و هاوپەیمانیانە دەکات ڕاپۆرتێك بدەنە بەشی كاروباری حزب و ڕێكخراوە سیاسییەكان.
جومانە غەلای وتەبێژی كۆمسیۆنی عێراق، لە لێدوانێکدا بە میدیاکانی وڵاتەکەی ڕاگەیاندووە" لە ئێستادا كۆمسیۆن سەرقاڵی دیراسەكردنی مەرجەكانی خشتەی کاروبارەکانن، وەك ئامادەكارییەك بۆ ڕەزامەندییان لەلایەن دەستەی كۆمسیارانەوە، هەروەها بۆ تەواوكردنی سەرجەم قۆناغەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن".
ڕوونیشیكردەوە كۆمسیۆن قۆناغی تۆماركردنی خواستی هاوپەیمانی و لایەنە سیاسییەكانی بۆ بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی عێراق لە ڕێگەی بەشی كاروباری حزب و ڕێكخراوە سیاسییەكانەوە دەستیپێكردووە.
جومانە غەلای ئاماژەی بەوەشکردووە، ژمارەی لایەنە سیاسییە تۆماركراوەكان لە ٣٢٠ پارتی سیاسی پێکهاتوون كە سەرجەمیان بانگهێشت دەكرێن بۆ ئەوەی ڕاپۆرت بدەنە بەشی پەیوەندیدار بۆ تۆماركردنی خواستی بەشداریكردنیان، هەروەها ژمارەی هاوپەیمانییە سیاسییە تۆماركراوەكانیش لە ٦٠ كەس پێکدێن.
ڕوونیشیكردەوە، ئەو هاوپەیمانییانەی پێشتر تۆماركراون هیچ گۆڕانكارییەكیان بەسەردا نەهاتووە دەتوانن ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە بەڕێوەبەرایەتییەكە بكەن بۆ تۆماركردنی ئارەزووی بەشداریكردنیان، سەبارەت بەو هاوپەیمانییانەی كە گۆڕانكارییان بەسەردا هاتووە، یان هاوپەیمانی نوێ، دەبێت ڕێكارە دیاریكراوەكان پەیڕەوبكەن و لە بەڕێوەبەرایەتییەكە نزیكببنەوە بۆ تەواوكردنی پرۆسەی تۆماركردن.
هەروەها غەلای دووپاتیكردەوە كە ئەم قۆناغە لە ١٥ی نیسان دەستیپێكردووە و تا ٤ی ئایار بەردەوام دەبێت.