لە عێراق لە دوو مانگدا دەست بەسەر یەک تەن و ٧٥٠ کیلۆگرام ماددەی هۆشبەردا گیراوە

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق، دەستگیرکردنی گەشتیارێکی بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددە هۆشبەرەکان رایگەیاند کە زیاتر لە چوار هەزار حەبی هۆشبەری لە ئامێرێکی کۆسەرەدا شاربوەوە.

دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق لە راگەیەنراوێکدا بڵاوی کردەوە، گەشتیارێکی بیانییان لە دەروازەی سنوری شەلەمچە کە دەکەوێتە نێوان پارێزگای بەسرە و پارێزگای خوزستانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، دەستگیرکردوە بە تۆمەتی بازرگانیکردن بە ماددەی هۆشبەر.

ئاماژەی بەوەش کرد"گەشتیارەکە، چوار هەزار و ٥٧٥ حەبی هۆشبەری لە ئامێری کۆسەرەدا شاردبوەوە بۆ ئەوەی دزەی پێ بکات بۆ ناو خاکی عێراق".

بەگوێرەی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی عێراق، لە دو مانگی سەرەتای ئەم ساڵدا، دەست بەسەر زیاتر لە یەک تەن و ٧٥٠ کیلۆگرام لە سەرجەم جۆرەکانی مادەی هۆشبەردا گیراوە و نزیکەی دوو هەزار تۆمەتباری بەکارهێنان و بازرگانی بەو مادانە دەستگیر کراون.




PM:01:57:18/04/2025