لەتیف ڕەشید بۆ موقتەدا سەدر: بەشداریکردنی ڕەوتی شیعی بۆ دۆخی ئێستا لە هەمو کات پێویستترە

سەرۆک کۆماری عێراق داوا لە ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی دەکات، بەشداریی هەڵبژاردنەکان بکات لەپێناو دروستنەبونی کەموکوڕیی پڕۆسەی سیاسیی، موقتەدا سەدریش، ڕەتی دەکاتەوە بەشداری هەڵبژاردنێک بکات کە گەندەڵکاران بەشداریی تێدا دەکەن.

لەتیف ڕەشید، سەرۆک کۆماری عێراق لەڕێگەی نوسراوێکەوە داوای لە موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی عێراق کرد، بەشداریی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات تا کەموکوڕیی بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق دروست نەبێت، و دەڵێت، داواکەی لەکاتێکدایە، مەترسییەکانی سەر وڵاتانی ناوچەکە و بە تایبەت عێراق هەیە و بەشداریی ڕەوتەکەشی بە پێویستتر لە هەمو کات ناوبردوە.

موقتەدا سەدر ڕێبەری ڕەوتی نیشتیمانیی شیعی، لە نوسراوێکدا وەڵامی سەرۆک کۆماری داوەتەوە و ڕایگەیاندوە: ئەو، کاتێک فەرمانی داوە، بە بەشدارینەکردن لە هەڵبژاردن، ویستی دواخستن و هەڵوەشاندنەوە پڕۆسەکەی نەبوە و دەشڵێت، ئەوان، لەگەڵ گەندەڵکاران و دوژمنانی گەل، بەشداری هەڵبژاردن ناکات، بەڵکو وەک سەربازێکی عێراق دەمینێتەوە بۆ بەرهەڵستیکردنی تۆفانی بەڵا و ناخۆشییەکانی سەر عێراق و یەکەم کەس دەبێت بەرگریی لە عێراق دەکات لەبەرامبەر ڕۆژهەڵات یاخود ڕۆژئاوا...

ڕۆژی ٢٧ی مانگی ڕابردو موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعی ڕایگەیاند" با هەموان بزانن، بەهۆی بەردەوامیی گەندەڵی، بەشداریی لە هیچ پڕۆسەیەكی هەڵبژاردنی نەنگدا ناکات".



PM:06:27:18/04/2025