لەم هەفتەیەدا دادگای باڵای فیدراڵی عێراق کۆدەبێتەوە تاوتویی ١٢ دۆسیەیە جیاواز دەکات، یەکێک لە دۆسیەکانیش تایبەتە بە جێبەجێکردنی سێ ماددەی یاسای بودجەیە کە گرێدراوی هەرێمی کوردستانە.
بەپێی خشتەی کارنامەی دادگای باڵای فیدراڵی عێراق لە رۆژانی ٢٢و ٢٣ی ئەم مانگە دو دانیشتن ئەنجام دەدات و تاووتوێی ١٢ دۆسییەی جیاواز دەکات.
لە نێو ئەو سکاڵایانەی تاوتوی دەکرین، ڕۆژی ٢٢ی مانگ دادگاکە تاوتویی دۆسیەیەک دەکات کە سکاڵا لە دژی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرۆکی حکومەتی عێراق و وەزیری سامانە سروشتییەکانی هەرێمی کوردستان و وەزیری نەوتی عێراق و وەزیری دارایی عێراق تۆمارکراوە، لەبارەی جێبەجێنەکردنی ماددەکانی (یەک و ١١و ١٣)ی یاسای بودجەی ساڵی ٢٠٢٣یە.
لەو سکاڵایەدا ئاماژە بەوەکراوە دەبێت وەزارەتی دارایی فیدراڵی قەرەبوی هەرێمی کوردستان بکاتەوە بۆ خەرجی بەرهەمهێنان و گواستنەوە بۆ ئەو بڕە نەوتەی کە لە هەرێم بەرهەم دەهێنرێت.