وەزارەتی تەندروستیی عێراق رایگەیاند، لە سەرەتای ئەمساڵەوە ٢٦ حاڵەتی تووشبوون بە نەخۆشیی تای خوێنبەربوون تۆمارکراوە و چوار تووشبووش گیانیان لەدەستداوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٢٤ی نیسان سەیف بەدر، وتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، "ژمارەی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون لە سەرەتای ئەمساڵەوە بۆ ٢٦ حاڵەت بەرزبووەتەوە".
هەر لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، چوار حاڵەتی گیانلەدەستدان بەهۆی نەخۆشییەکەوە تاوەکو ئێستا تۆمارکراوە.
ئەوەش لە کاتێکدایە لە چەند رۆژی رابردوودا، بەهۆی نەخۆشیی تای خوێنبەربوونەوە، سێ کەس لە کەرکوک و کەسێکی دیکە لە پارێزگای موسەننا گیانیان لەدەستدا.