ژمارەی تووشبوون و گیان لە دەستدان بە تای خوێنبەربوون بەرزدەبێتەوە


لە پارێزگای نەینەوا دووەم حاڵەتی تای خوێنبەربوون لە ٢٤ کاتژمێردا تۆمار کراو بەمەش ژمارەی تووشبوون بەو نەخۆشیە لەمساڵیدا بەرزبوەوە بۆ پێنج حاڵەت کۆچکردن و ٢٦ حاڵەتی تووشبوون.

میدیا عێراقییەکانی رایانگەیاند، "ئەو کەسەی لە موسڵ تووشبووە پیاوێکی تەمەن ٤٧ ساڵە و خەڵکی گەڕەکی ئەلزەهرایە لە موسڵ، لە ٢٩ی نیسانەوە لە نەخۆشخانە خراوە”.

ئەمە دووەم حاڵەتە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا لە پارێزگای نەینەوا تۆمارکراوە، دوێنێش چوارشەممە فەرمانگەی تەندروستیی نەینەوا رایگەیاند، ژنێکی تەمەن ٤٨ ساڵ تووشی تای خوێنبەربوون بووە.

هەفتەی پێشووش گەنجێک لە کەرکوک بە هەمان نەخۆشی گیانی لە دەستداو هەرێمیش کەرەنتینەی گیانداران و هەنگاوی خۆپارێزی خستە بواری جێبەجێکردنەوە.




PM:05:29:01/05/2025