ئەمڕۆ پێنج شەممە محەمەد شیاع سودانی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە سەردانەکەیدا بۆ ئەنقەرەی پایتەختی تورکیا ڕایگەیاند" عێراق ڕێگە بە هیچ لایەنێک نادات خاکی وڵاتەکەی بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".
سودانی لە بەیاننامەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە ئەنقەرەی پایتەختی تورکیاوە وتی" پەیوەندی ئێمە لەگەڵ تورکیا پەیوەندییەکی دراوسێیانە و ئاسایشی عێراق و تورکیا یەکن".
وتیشی" ڕێگە نادەین هیچ کەسێک خاکی عێراق بەکاربهێنێت بۆ هێرشکردنە سەر وڵاتانی دراوسێ".
ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا وتی" کۆمەڵێک یاداشتی لێکتێگەیشتنمان لە بوارە جیاجیاکان واژوو کرد و ئاماژەی بەوە کرد کە" رێگای گەشەسەندن نوێنەرایەتی دەرفەتێک دەکات بۆ یەکگرتنی عێراق و تورکیا و وڵاتانی ناوچەکە".
ئاشکراشیکرد، عێراق" لە پرۆسەی دامەزراندنی دەسەڵاتێکدایە بۆ پڕۆژەی ڕێگای گەشەپێدان و جدییە لە جێبەجێکردنی".
سەرۆک وەزیرانی عێراق ڕاشیگەیاند" ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ دروستکردنی کارگەی تورکیا لە عێراق بە بەشداری کەرتی تایبەت".
هەروەها جەختیشی لە جددیەتی شەڕی داعش کردەوە کە مەترسییەکی ڕاستەقینە بۆ سەر ئاسایشی ناوچەکە دروستدەکات.
لای خۆشییەوە ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆک کۆماری تورکیا ستایشی حکومەتەکەی سەرۆک وەزیرانی عێراقی کرد سەبارەت بە پرسە ناوچەییەکان و جەختی لەوە کردەوە کە بەغدا فاکتەری گرنگی سەقامگیرییە.
ئەرردۆغان وتیشی" بەردەوام دەبین لە بەهێزکردنی هاوکارییەکان لەگەڵ عێراق، پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغداش لە دوای سەردانەکەی منەوە بۆ ئەوێ شایەتییەکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە".
ناوبراو ئیرادەی وڵاتەکەی بۆ "بەردەوامی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر" دووپاتکردەوە و ئاماژەی بەوەدا کە "قەبارەی ئاڵوگۆڕی بازرگانی لەگەڵ عێراق لە ساڵی ڕابردوودا گەیشتە ١٨ ملیار دۆلار".
هەروەها ئاماژەی بەوەشکرد، پێشوازی لە ڕۆڵی عێراق دەکەن لە سەقامگیرکردنی ناوچەکە.
داواشی لە "هەموو وڵاتان کرد لە ژێرخانی ڕێڕەوی گەشەپێدان بەشداری بکەن"، هەروەها سەبارەت بە پرسی سوریا جەختی لەوە کردەوە کە "عێراق بەشێوەیەک مامەڵە لەگەڵ سوریا دەکات کە بەشداربێت لە سەقامگیری ناوچەکە".