پەرلەمانتارێکی عێراق ئاشکرای کرد"١٣٠پرۆژەیاسا هێشتا لە پەرلەمانی عێراق ماون و چارەنووسیان یەکلای نەکراونەتەوە"، وتیشی" پەرلەمانتارە ئامادەنەبووەکانی پەرلەمان مووچە وەردەگرن".
ئەمیر مەعموری، پەرلەمانتاری سەربەخۆی عێراق ڕایگەیاند" پەرلەمان کارەکانی لەم خولەدا زوو کۆتایی پێهێناوە، بەبێ ئەوەی کەمترین ئەرکەکانی یاسادانان و چاودێریکردنی جێبەجێ بکات، هێشتا ١٣٠ پرۆژەیاسا ماون و چارەنووسیان یەکلایی نەکراونەتەوە".
ئاماژەی بەوەشکرد" ئەنجومەنی نوێنەران تەنها دو لێکۆڵینەوەی لەم خولەدا تەواوکردوە، لەکاتێکدا حەوت لێکۆڵینەوە بە هەڵپەسێردراوی ماونەتەوە، پەرلەمان جگە لە سەرۆکوەزیران میوانداری حەوت وەزیری کردوە و ئەو بانگهێشتانەش بە مەبەستی ڕونکردنەوەی دۆسیە و بابەتی تایبەت بووە".
مەعموری بەشێک لە هێزە سیاسییەکانی تۆمەتبارکرد بەوەی، بە ئەنقەست ڕێگری لە لێپێچینەوە لە بەرپرسانی سەربەخۆیان دەکەن، لەوانە وەزیرەکان و ئەوانی دیکە، وتیشی" پەرلەمانتارە ئامادەنەبووەکان مووچە و دەرماڵەکانیان وەردەگرن".