وەزارەتی ناوخۆی عێراق ڕایدەگەیەنێت" لە سبەینێوە هەموو جۆرە خۆپیشاندانێک قەدەغە دەکرێت".(ئەمەش هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییە بەردەوامەکان بۆ کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدای پایتەخت)
وەزارەتەکە ئەمڕۆ شەممە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" لە یەکەم ساتەوەختەوە وادەی کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی لە بەغدا ڕاگەیەندرا، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەنگاوەکانیان بۆ دەستەبەرکردنی ئەم پرۆسە گرنگە دەستپێکرد کە لە هەموو ڕوویەکەوە وێنەی ڕاستەقینەی ئەم وڵاتە بەخشندەیە ڕەنگ دەداتەوە".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشکراوە، سەرقاڵی هێزە ئەمنییەکان بە ئامادەکارییەکان بۆ سەرکەوتنی چالاکییەکە توندتر بووە لەگەڵ نزیکبوونەوەی لوتکەکە، بەو پێیەی هەموو تواناکانیان کۆکردۆتەوە بۆ پێشوازیکردن لە میوانانی عێراق.
هەروەها وەزارەتەکە لە ڕاگەیەندراوەکەدا ڕوونیکردووەتەوە، بە پشتبەستن بەم بابەتە، وەزارەتی ناوخۆ دووپاتیدەکاتەوە کە هیچ خۆپیشاندانێک ئەنجام نادرێت، بەبێ گوێدانە هۆکارەکان، چ بۆ خزمەتگوزاری یان بەشێوەیەکی تر، هەروەها هیچ مۆڵەتێک بۆ خۆپیشاندان نادرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە کە هەر هەوڵێک بۆ ئەو کارە پێشێلکردنی یاسا دەبێت، هەروەها ڕێنمایی دەرچووە بۆ دەستگیرکردنی هەرکەسێک کە هەوڵی خۆپیشاندان بدات لەم ماوەیەدا.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە، هێزە ئەمنییەکان ڕێکاری یاسایی پێویست بەرامبەر هەر خۆپیشاندەرێک دەگرنەبەر کە هەوڵی سەرقاڵکردنی هێزە ئەمنییەکان لە ئەرکەکانیان بدات لەم ماوەیەدا.
وەزارەتى ناوخۆى عێراق ڕوونیشیکردەوە، بڕیارەکە لە سبەینێوە تا ٢٠ى ئەم مانگە دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
بڕیارە ڕۆژی ١٧ی ئەم مانگە بەئامادەبونی بەرپرسانی باڵای وڵاتانی عەرەب، لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغداد بەڕێوەبچێت.