ئەمڕۆ یەکشەممە ١١ی ئایاری ٢٠٢٥ ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق ژمارەیەک بڕیاری نوێی دەرکرد، لەوانە دابینکردنی سووتەمەنی بێبەرامبەر بۆ خاوەن مۆلیدەی ئەهلی وەک ئامادەکارییەک بۆ وەرزی سووتێنەری هاوین.
ئەمڕۆ ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی محەمەد شیاع سودانی نۆزدەمین دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەن بەڕێوەچوو کە تێیدا بارودۆخی گشتی وڵات و چەندین پرسی سەرەکی تاوتوێکرا، هەروەها چەندین بابەت خرانە کاری کۆبوونەوەکە و بڕیاری پێویستیان لەبارەوە درا.
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجوومەنی وەزیران ئاماژەی پێدراوە، لە کۆبونەوەکەدا سودانی بەدواداچوونی بۆ هەموو ئەو بابەتانە کرد کە پەیوەندیدارن بە دابینکردنی ووزەی کارەبا بۆ هاوڵاتیان لە وەرزی هاویندا، هەروەها پەسەندی چەند رێکار و بڕیاری کرد، وەک دابینکردنی سووتەمەنی بۆ مۆلیدە ئەهلیەکان، لەوانە :-
1- (45) لیتر بۆ هەر (1 KVA) لە بڕی پێدانی کارەبا، بۆ مانگەکانی حوزەیران و تەمموز و ئاب.
2- نابێت کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا بۆ هاوڵاتیان کەمتر بێت لە (20 کاتژمێر/لەڕۆژێکدا).
3- نابێت کاتژمێرەکانی دابینکردنی کارەبا لە لەمۆلیدە ئەهلییەکان کەمتر بێت لە (١12 کاتژمێر/لە شەو ڕۆژێکدا )، و بەشێوەی نۆرە لەگەڵ کارەبای نیشتمانی.
4- لیژنەیەکی تایبەتمەند،نرخێکی گونجاوی بۆ ئەمپێرەکانی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاریدەکات و کاتەکانی کارکردنیان دادەنێت، و چاودێری پابەندبوون بە ماوەی دابینکردن و نرخەکە دەکات.
5- وەزارەتی دارایی بڕی تێچووی پێشکەشکراو لە پارەی بەردەست لە لای کۆمپانیای دابەشکردنی بەرهەمە نەوتییەکان و لە پشکی گەنجینەی گشتی دەگرێتە ئەستۆ.
هەر بەپێی ڕاگەیەندراوەکە، ئەنجوومەن بەدواداچوون بۆ ئامادەکارییەکانی بەستنی لوتکەی عەرەبی دەکات و لەو بارەیەوە بڕیاریدا رۆژی پێنج شەممە 15ی ئایار و یەک شەممە 18ی ئایار لە بەغدا پشووی فەرمی بێت، بەڵام پشوەکە بۆ رۆژی یەک شەممە، وەزارەتی پەروەردە ناگرێتەوە .
هەروەها هاتووە" ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنەکان و پێداویستییەکانی سەرکەوتنی کاری کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان، ئەنجوومەن ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر درێژکردنەوەی بەکارهێنانی باڵاخانەی قوتابخانەکان لەلایەن کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکان تاوەکو 31ی کانوونی یەکەمی 2025".
ڕاگەیەندراوەکەی ئەنجومەن جەختی کردەوە کە لە بواری پشتگیریکردنی پڕۆژە پیشەسازییەکان و پەسەندکردنی میکانیزمەکانی قەرزدانی تایبەت، ئەنجوومەنی وەزیران هەموارکردنی بڕیاری (24930ی ساڵی 2024) ی پەسەند کرد، کە تێیدا (500%) لە بری (300%)، بۆ ئاسانکردنی قەرزدان بۆ کۆمپانیاکان بە پێی یاسای باسکراو.
ڕاگەیەندراوەکە ئەوەشدەخاتەڕوو، لە چوارچێوەی بەدواداچوونی تەواوکردنی پڕۆژە دواکەوتوو و وەستاوەکان، ئەنجوومەنی وەزیران ئەمانەی خوارەوەی پەسەند کرد:
1- زیادکردنی تێچووی گشتی و بڕی یەدەگ بۆ پڕۆژەی (ڕووخاندن و دووبارە دروستکردنەوەی دەستەی دەستپاکی/بەڕێوەبەرایەتی لێکۆڵینەوەی بەسرە).
2-- زیادکردنی بڕی پارەکە بۆ پڕۆژەی (دروستکردنی چوارڕیانی حوسەینیە لەسەر ڕێگای کەربەلا-بەغدا).
3- زیادکردنی بڕی پارەی زیاتر بۆ پڕۆژەی (جێبەجێکردنی کارە کۆتاییەکانی باڵاخانەی بەڕێوەبەرایەتی چاودێری دارایی لە پارێزگای نەجەفی پیرۆز).
4- زیادکردنی تێچووی گشتی و بڕی یەدەگ بۆ پڕۆژەی (ڕاکێشانی تۆڕی ئاو و دانانی کارەبای رووناکی ، و نۆژەنکردنەوە و قیرتاوکردنی ناوچەی (هلایجیە و بوندوقیە لە ڕومیسە -ی پارێزگای موسەننا).
لە کۆتاییدا ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە" ئەنجوومەنی وەزیران ڕەزامەندی دەربڕی لەسەر پڕۆژە یاسای پەسەندکردنی کۆماری عێراق بۆ ڕێککەوتننامەی هاندان و پاراستنی وەبەرهێنانی هاوبەش لە نێوان حکومەتی کۆماری عێراق و حکومەتی کۆماری تورکیا، و بە پێی دەستوور و ڕەوانەی پەرلەمان دەکرێت".