سەرۆکایەتی کۆمار پشتیوانی خۆی بۆ بڕیاری خۆهەڵوەشاندنەوە و چەکدانانی پەکەکە ڕاگەیاند و دەڵێت" ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی مێژوویی و جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە".
سەرۆکایەتی کۆمار ڕایگەیاند" پێشوازی لە بڕیاری کۆنگرەی پارتی کرێکارانی کوردستان دەکەین بۆ گرتنەبەری ڕێگەچارەی ئاشتی و دیموکراسی بۆ کۆتایی هێنان بە ململانێی چەکداری.
سەرۆکایەتی کۆمار دەڵێت" ئەم بڕیارە بە هەنگاوێکی مێژوویی و جددی دەزانین بەرەو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری ناوچەکە و هەڵدانەوەی لاپەڕەیەکی نوێ کە زەمینە بۆ گفتوگۆی ڕاستەقینە و بنیاتنەر خۆش دەکات و یارمەتیدەر دەبێت لە دروستکردنی بناغەیەکی گونجاو بۆ گەیشتن بە ئاشتییەکی هەمەلایەنە و بەردەوام کە کۆتایی بە دەیان ساڵ لە ململانێ و کارەسات و ئازارەکان بهێنێت و قۆناغێکی نوێی پرۆسەی سیاسی و دیپلۆماسی و پەرلەمانی دەستپێدەکات".
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە" ئێمە جارێکی تر دووپاتی دەکەینەوە، وەک پێشتر دووپاتمان کردووەتەوە، کە تاکە ڕێگە بۆ چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان دانیشتن لەسەر مێزی دیالۆگ و لێکتێگەیشتن. بۆیە پشتیوانی خۆمان بۆ هەموو هەوڵەکانی ئاشتی نوێ دەکەینەوە".
ڕاشیگەیاند" ئامانج لەم هەوڵە ڕاگرتنی شەڕ و ماڵوێرانی و بەدیهێنانی پێکەوەژیانە لە چوارچێوەی چەسپاندنی دیموکراسی و دەستەبەرکردنی مافی هەمووان و پێکەوە کارکردن بۆ هێنانەدی ویستی گەلانی ناوچەکە بۆ بنیاتنانی پەیوەندییەکی پتەو و ئەرێنی لەسەر بنەمای ڕێزگرتنی یەکتر و بەرژەوەندی هاوبەش و پاراستنی سەروەری و چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی بۆ گەلانی ناوچەکە".