عێراق پێشنیاری پێکهێنانی لیژنەیەکی باڵا دەکات بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی

وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایدەگەیەنێت" پێویستە لیژنەیەکی باڵا پێکبهێنرێت کە ئەرکی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکانی نێوان وڵاتانی عەرەبی پێسپێردراوە". 

فوئاد حسێن وەزیری دەرەوەی عێراق، ئەمڕۆ پێنج شەممە لە میانەی کۆبوونەوەی ئامادەکاری وەزیرانی دەرەوە بۆ ئەنجومەنی کۆمکاری عەرەبی لە ئاستی لوتکە، وتارێکی پێشکەشکرد و ڕایگەیاند" ئەو ڕووداوە سیاسی و ئەمنییانەی کە بە خێرایی پەرەیان سەندووە کە ناوچەکە دەگرێتەوە، پێویستیمان بەوەیە یەکگرتوو بین، پێکەوە کاربکەین بۆ لێک نزیککردنەوەی دیدگاکان، لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشین و هەوڵی دیپلۆماسی بۆ پاراستنی یەکڕیزی پلە و پۆستەکان بخەینەگەڕ".

لە بەشێکی تری قسەکانیدا فوئاد حسێن وتی" عێراق پێشنیاز دەکات لیژنەیەکی وەزاری باڵای کراوە بە ئەندامێتی عێراق و بەحرەین، و ئەمینداریەتی کۆمکاری وڵاتانی عەرەبی و هەموو ئەو وڵاتە عەرەبیانەی کە خوازیارن ئەندام بن  پێکبهێنرێت بۆ نزیککردنەوەی بۆچوونەکان و کۆتاییهێنان بە ناکۆکییەکان". 

وەزیری دەرەوەی عێراق لە درێژەی قسەکانیدا وتیشی کە ئەم لیژنەیە" پێکهاتووە لە کۆماری عێراق و شانشینی بەحرەین و ئەمینداری گشتی کۆمکاری عەرەبی و وڵاتانی عەرەبی کە خوازیاری چوونە ناو ئەم لیژنەیەن".



PM:02:05:15/05/2025