سەرۆکی فەڵەستین گەیشتە فڕۆکەخانەی بەغداد

دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی مەحمود عەباس سەرۆکی فەڵەستین بەمەبەستی بەشداریکردن لە کۆبوونەوەی لوتکەی عەرەبی کە بڕیارە سبەی شەممە دەستپێبکات گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق. 

نووسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆک وەزیرانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاندووە" مەحمود عەباس، سەرۆکی فەلەستین گەیشتە بەغدای پایتەخت، بۆ بەشداریکردن لە سی و چوارەمین کۆبوونەوەی لوتکەی کۆمکاری عەرەبی کە سبەی شەممە، دەستپێدەکات".

حکومەتی عێراق هەموو ئامادەکارییەکانی بۆ میوانداریکردنی لوتکەی عەرەبی تەواو کرد، ئەمەش لە چوارچێوەی بەهێزکردنی ئامادەیی دیپلۆماسی ناوچەیی لە کاتێکدا کە ناوچەکە ڕووبەڕووی ئاستەنگی سیاسی و ئەمنی و ئابووری بووەتەوە.

هەروەها ئێوارەی دوێنێش ئەنتۆنیۆ گۆتێرێس سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە لوتکەکەدا گەیشتە بەغدای پایتەختی عێراق.



PM:03:33:16/05/2025