سەرۆك کۆماری عێراق: لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە هەلومەرجێكی ئاڵۆزدا بەڕێوە دەچێت

٣٤هەمین لوتکەی کۆمکاری عەرەبی لە بەغداد بە بەشداریی سەرکردەی ٢٢ وڵات دەستی بە کارەکانی کرد، سەرۆك کۆماری عێراق ڕایگەیاند: لوتکەکە لە هەلومەرجێكی ئاڵۆزدا بەڕێوە دەچێت، سکرتێری کۆمکاری عەرەبیش دەڵێت" کۆمەڵەکەیان سیاسەتی فراوانبونی هەژمونی ئیسرائیل ڕەت دەکاتەوە".

لە دەستپێکی کردنەوەی لوتکەی ٣٤هەمین کۆمکاری عەرەبی لەتیف ڕەشید – سەرۆك کۆماری عێراق ڕایگەیاند" پێداگرن لەسەر یەکڕیزیی وڵاتانی ناوچەکە و پێویستە گیانی برایەتی لە نێوان وڵاتانی ئەندام پەرە پێبدرێت".

ئاماژەی بەوەش کرد" لوتکەی عەرەبی لە بەغداد لە هەلومەرجێكی یەكجار ئاڵۆز و ڕژد بەڕێوە دەچێت کە هەڕەشە لە ناوچەکە دەکات".

لەلای خۆشیەوە، محەمەد شیاع سودانی – سەرۆك وەزیرانی عێراق ڕایگەیاند" بە هەمو شێوەیەك هەوڵی بەرەنگابونەوەی تیرۆر دەدەن، و پێشوازیش لە لابردنی گەمارۆکانی سەر سوریا دەکەن"، وتیشی" گفتوگۆکانی نێوان ئێران و ئەمریکا بەرز دەنرخێنن".

باسی لەوەش کرد" پێویستە لەم دۆخەدا، هەنگاوی برایانە و بەرپرسیارانە بگیرێتە بەر بۆ چارەسەرەی بنەڕەتی کێشەکان و بەدیهێنانی سەقامگیریی عەرەبی و هەرێمی".

هاوکات، ئەحمەد ئەبو غەیس، سکرتێری کۆمکاری عەرەبی، لە وتارێكدا ڕایگەیاند"پرسی فەڵەستین وەك پرسی سەرەکیی عەرەبی و کۆمکاری عەرەبی دەمێنێتەوە، جەختیشی کردەوە لەوەی، کۆمکاری عەرەبی، سیاسەتی فراوانبونی هەژمونی ئیسرائیل بە پاساوی گەیشتن بە ئاسایش لە فەڵەستین، سوریا و لوبنان و ناوچەکە ڕەت دەکاتەوە".




PM:05:04:17/05/2025