" نزیکەی ١٢٠ پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت"

ئەندامێکی پەرلەمانی عێراق ئاشکرای دەکات کە هیچ هیوایەک بۆ کارابوونی پەرلەمان لە چەند مانگی داهاتوودا نییە، نزیکەی ١٢٠ پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت.

محەممەد عەنوز، ئەندامی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند" هیچ هیوایەک بۆ کارابوونی پەرلەمان لە چەند مانگی داهاتوودا نییە، بەڵکوو ئەو پرۆژەیاسانەی ماون و دەنگیان لەسەر نەدراوە، دەکەونە خولی داهاتوو".

ئەو ئەندامەی لیژنەی یاسایی ئاماژەی بەوەش داوە، نزیکەی ١٢٠ پرۆژەیاسای گرنگ لە پەرلەمان ماون دەنگیان لەسەر بدرێت، لەم خولەدا تێناپەڕێنرێن و خراونەتە خولی داهاتوو.

محەممەد عەنوز ڕاشیگەیاندووە" پەرلەمان لە سەرەتای ئەم ساڵەوە لە ڕووی سیاسییەوە مردووە، ئەوەش بەهۆی ناکۆکی و جیاوازییەکانەوە''.

ئەمە لە کاتێکدایە، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق ١١ی  تشرینی دووەمی ٢٠٢٥ی دیاری کردووە وەکو ڕۆژی هەڵبژاردنی پەرلەمان.




PM:12:36:19/05/2025