لە سێ مانگدا زیاتر لە ٢٣ هەزار بەندکراو لە عێراق ئازاد کراون

لە ماوەی زیاتر لە سێ مانگدا و لە چوارچێوەی یاسای لێبوردنی گشتی  زیاتر لە ٢٣ هەزار بەندکراو لە عێراق ئازاد کراون  و زیاتر لە ١٦ ملیار دیناری پارەی گەندەڵییش گەڕێنراوەتەوە.

ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق نوێترین ئامارەکانی سەبارەت بە یاسای لێبوردنی گشتی بڵاوکردەوە، بە گوێرەی ئامارەکە لەنێوان ١ی ئایار تا ٢٢ی ئایار سێ هەزار و ٨٩٣ کەس ئازادکراون، بەمەش کۆی گشتی ئازادکراوەکان  گەیشتونەتە ٢٣هەزار و ٢٢٠ کەس.

ئەنجومەنەکە ئەوەسی ڕونکردوەتەوە یاساکە ١٠٥هەزار و ١٢١ کەسی دیکەی گرتوتەوە کە بە نائامادەبون سزا دراون یان فەرمانی دەستگیرکردن و بانگکردنیان هەبووە بۆ بەردەم دادگە یان کەفیلی تۆمەتباران بوون.

بە گوێرەی ئامارەکە تێکڕای ئەو بڕە پارەیەی لە رێگەی جێبەجێکردنی ئەو یاسایەوە گەڕێندراوەتەوە، گەیشتوەتە زیاتر لە  ١٦ ملیار و ٦٣٥ ملیۆن دینار.

هەمواری دووەمی یاسایی لێبووردنی گشتی لە ٢١ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٥ لە پەرلەمانی عێراق دەنگی لەسەر درا و لە ١٧ی شوباتەوە کەوتە واری جێبەجێکردن. 




AM:10:30:23/05/2025