ئەمڕۆ شەممە کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند" تا ١٥ی حوزەیران بەردەوام دەبێت لە پێشوازیکردنی هاوڵاتیان کە دەیانەوێت کارتی هەڵبژاردنەکانیان نوێ بکەنەوە". دەشڵێت" ١٠٧٩ سەنتەری تۆمارکردنی ڕۆژانە کاردەکەن، بە ڕۆژانی پشوویشەوە".
جومانە غەلای وتەبێژی کۆمسیۆنی عێراق، ئەمڕۆ لە لێدوانێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی" ژمارەی دەنگدەران لە هەڵبژاردنەکاندا ٢٩ ملیۆن کەس تێدەپەڕێنێت، بەڵام ئەم ژمارەیە کۆتایی نییە، بەو پێیەی پرۆسەی نوێکردنەوەکە هێشتا بەردەوامە".
غەلای ئاماژەی بەوەشکرد، دوای تەواوبوونی پرۆسەی نوێکردنەوەکە، کۆمسیۆن پرۆسەی شیکاری ناو و پشتڕاستکردنەوەی ئەنجامدەدات بۆ دروستکردنی تۆمارێکی بەهێزی دەنگدەران، کە دواتر ژمارەی کۆتایی خاوەن کارتی بایۆمەتری دیاریدەکات.
ڕوونیشیکردەوە، یاسای هەڵبژاردنی ژمارە ١٢ی ساڵی ٢٠١٨ داوا لە دەنگدەران دەکات کارتی بایۆمەتری بەکاربهێنن کە تایبەتە بە بەشداریکردن لە هەڵبژاردنەکاندا.
ئەوەشی خستەڕوو، ژمارەی ئەو دەنگدەرانەی تا ئێستا داتاکانیان نوێکردووەتەوە گەیشتووەتە ١ ملیۆن و ٥٠٨ هەزار و ١٨٩ کەس.
جومانە غەلای باسی لەوەشکرد، کۆمسیۆن بەردەوامە لە هەوڵەکانی بۆ نوێکردنەوەی داتای دەنگدەران لە ڕێگەی تیمە مۆبایلەکانەوە لە دامودەزگاکانی حکومەت، جگە لە ئەنجامدانی سیمینار و کۆنفرانسی هۆشیاری، هاوشانی هەڵمەتێکی فراوانی سۆشیال میدیا بۆ هاندانی هاوڵاتییان بۆ سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردن و نوێکردنەوەی داتاکانیان.
بەپێی بڕیارێکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، بڕیارە مانگی تشرینی دووەمی ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت.