ئەمینداری عەسائیب ئەهلی حەق دو كۆبونەوەی لەگەڵ كەسایەتیەكانی هۆزەكەی سەدام حسێن ئەنجام داوە، هۆزەكەی سەدام تاوتوێی بەشداریكردن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق دەكەن.
ڕۆژنامەی شەرقولئەوسەت بڵاویكردەوە" قەیس خەزعەلی لە بەغداد دو كۆبونەوەی لەگەڵ كەسایەتیەكانی هۆزی ئەلبوناسر هۆزەكەی سەدام حسێن ئەنجام داوە، بۆئەوەی بەشداری لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق بكەن و نوێنەرێكیان هەبێت، بەڵام هێشتا نەگەیشتوەنەتە بڕیاری كۆتایی".
بەگوێرەی زانیاری ڕۆژنامەکە، هۆزەكەی سەدام حسێن تاوتوێی ئەوە دەكەن بەنوێنەرێك بەشداریی بكەن لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق، ترسی ئەوەشیان هەیە كێشە بۆ نوێنەرەكەیان دروستبكرێت، بەو پێیەی ساڵانێكە دژایەتی سەدام دەكرێت.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەشێكی زۆری هۆزی ئەلبوناسڕ ئەوە ڕەتدەكەنەوە نوێنەری ڕاستەوخۆیان هەبێت، چونكە ترسیان لە هەڵدانەوەی پەڕەكانی ڕابردو هەیە، لەكاتێكدا هەندێك لە خێزانە نزیكەكانی بنەماڵەی سەدام حسێن ناوێرن بگەڕێنەوە بۆ گوندی عۆجە كە حەشدی شەعبی لێیە.