دەزگای هەواڵگری عێراق دەستگیرکردنی تۆڕێكی تاوانكاری ڕاگەیاند

ئەمڕۆ شەممە دەزگای هەواڵگری عێراق دەستگیركردنی تۆڕێكی تاوانكاری ڕاگەیاند كە هەوڵی ئەنجامدانی "تیرۆر و تێكدانی ئاسایشی گشتیان" داوە. 

دەزگاكە لە بەیاننامەیەكدا ڕایگەیاندووە" دەزگای هەواڵگری نیشتمانی بەردەوامە لە ڕووبەڕووبوونەوەی هەموو هەوڵەكان بە ئامانجی تێكدانی سەقامگیری ئاسایش و سەقامگیری لە عێراق". 

وتیشی" لە ئۆپراسیۆنێکی نوێدا دەزگاكە بە هەماهەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی دادوەری، توانی ئۆپەراسیۆنێكی پێشوەختە ئەنجام بدات كە لە ئەنجامدا تۆڕێكی تاوانكاری دەستگیركرا كە هەوڵی ئەنجامدانی تیرۆركردن و پەكخستنی ئاسایشی گشتی لە عێراق داوە". 

لەبەیاننامەكەدا هاتووە"  ئۆپەراسیۆنەكە بە پشتبەستن بە زانیارییە هەواڵگرییە وردەكان و بەدواداچوونی مەیدانی پەیوەست بە هەوڵی كوشتنێك ئەنجامدراوە كە ژنە ڕۆژنامەنووسێكی كردووەتە ئامانج لە مانگی شوباتی ساڵی ڕابردوودا لە ڕێگەی ئەم زانیاریانەوە لقە ناوخۆییەكانی تۆڕەكە و پەیوەندییە دەرەكییەكان دەستنیشانكراون". 

ڕاشیگەیاندووە" دوای بەدەستهێنانی ڕەزامەندی دادوەری و دەستنیشانكردنی شوێنی ئەندامەكانی لە ناوخۆی عێراق، هەڵیانكوتایە سەر حەشارگەكانیان و لە ئۆپەراسیۆنێكی پێشوەختە و هاوكاتدا لە چەند پارێزگایەك دەستگیركران". 



PM:10:44:31/05/2025