مالکی: عێراق نابێتە شوێنی یەکلابوونەوەی ململانێی هێزە دەرەکییەکان

ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە دیدارێکدا لەگەڵ باڵیۆزی ڕووسیا لە بەغداد، جەختی لەسەر ئەوە کردەوە کە عێراق نابێتە مەیدانی یەکلابونەوەی ململانێی هێزە دەرەکییەکان.

نوسینگەی ڕاگەیاندنی نوری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا، لە ڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە" نوری مالیکی لە دیدارەکەدا لەگەڵ ئیلبروس کوتراشیف باڵیۆزی ڕووسیا لە عێراق گفتوگۆیان لەسەر بارودۆخی ناوچەکە و  ڕووداوەکانی سووریا، و فەلەستین و لوبنان، و جەنگی ڕووسیا و ئوکرانیا کرد". 

وەک ڕاگەیەندراوەکە ئاماژەی پێداوە، هەردوولا گرنگی فراوانکردنی هاوکاری نێوان عێراق و ڕووسیایان تاوتوێکرد و و جەختیان لەسەر ڕۆڵی عێراق لە چەسپاندنی ئاشتی و سەقامگیری لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کردەوە.

هەروەها لای خۆیەوە باڵیۆزی ڕووسیا ستایشی هەوڵەکانی عێراقی کرد بۆ چەسپاندنی بناغەکانی ئاشتی لە ناوچەکەدا، جەختی لەسەر پابەندبوونی مۆسکۆ کردەوە بۆ پاراستنی هاوکاری دووقۆڵی بۆ خزمەتکردنی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی هەردوو وڵات.



PM:08:26:01/06/2025