لە میانەی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغدا لەسەر پرسی مووچەو نەوت، وەزارەتی نەوتی عێرق هەڵوێستەکانی بەرامبەر هەرێم توندتر دەکاتەوەو سووربوونی خۆی لەسەر داوا یاساییەکانی لەسەر هەرێم دووپات دەکاتەوە.
لە راگەیاندنێکدا ئەمڕۆ پێنج شەممە ٥ ی حوزەیرن وەزارەتی نەوتی عێراق سووربوونی خۆی لەسەر بەدواداچوون بۆ ئەو زانیارییانە کە باسی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمی کوردستان دەکەن، دووپات دەکاتەوە.
لە بڕگەیەکی تری راگەیاندنەکەدا دەڵێن" دەشڵێت مافی خۆمان دەپارێزین کە بەردەوام دەبین لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنێکی یاسایی لەو بارەیەوە".
وەزارەتەکە جەخت لەسەر پێویستی دەستبەجێ دەستپێکردنی ڕادەستکردنی نەوت دەکاتەوە، ئەوەش لە جێبەجێکردنی یاسای بودجەی هەموارکراودا خۆی دەبینێتەوە کە بە ڕێککەوتن لەگەڵ حکومەتی هەرێم دەرچووە، هەروەها پێویستە حکومەتی هەرێم خۆی لە پابەندبوونەکانی بەدوور نەگرێت.
" بەردەوامی شکستهێنان لە ڕادەستکردنی نەوت زیانی دارایی بەرچاو بۆ عێراق دروست دەکات و ناوبانگی نێودەوڵەتی عێراق و پابەندبوونە نەوتییەکانی دەخاتە مەترسییەوە". ( وازەت وا دەڵێت ).
وەزارەتی نەوتی عێراق باس لەوەش دەکات پابەندنەبوونی حکومەتی هەرێم بە دەستوور و یاساکە بووەتە هۆی ئەوەی کە دوو هێندە زیان بە هەناردەکردنی نەوتی عێراق و گەنجینەی گشتی بکەوێت: یەکەمیان وەرنەگرتن و هەناردەکردنی نەوتی بەرهەم هێنراو لە هەرێم و سودمەندبوون لە داهاتەکانی بوو، زیانی دووەمیش ئەوە بوو کە وەزارەتی نەوتی فیدراڵی ناچار بوو بەرهەمهێنانی ئەو کێڵگە نەوتییانەی کە لە دەرەوەی هەرێم ماونەتەوە کەمبکاتەوە بە پابەندبوون بە پشکی ئۆپێک کە لە عێراقەوە هەژمار دەکرێت ئەو کێڵگانەی کە دەکەونە ناو هەرێم وەک بەشێک لە پشکی عێراق، بەبێ گوێدانە ئەو پێشێلکاریانەی کە دەستنیشانکراون.
وەزارەتەکە چاودێری ئەو زانیاریانە دەکات کە ئاماژەن بۆ بەردەوامی بەقاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عێراق. وەزارەت حکومەتی هەرێم بە تەواوی لە ڕووی یاساییەوە بەرپرسیار دەکات لەو بارەیەوە و مافی خۆیەتی بەردەوام بێت لە گرتنەبەری هەموو ڕێوشوێنە یاساییەکان لەو بارەیەوە.
کێشەی نێوان هەرێم و بەغدا هەرچەندە چەندان هۆکاری هەیە، بەڵام گرێبەستی نەوت و غازی هەرێم لەگەڵ بەغدا کێشەکانی تەقاندەوە.