حەلبوسی: پێویستە بەغدا دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لە بودجە بۆ هەرێمەكان دادپەروەرانە بکات

سەرۆكی پێشووی پەرلەمانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، حكومەتی فیدراڵی كە تەواوی خەرجییەكان لەئەستۆ دەگرێت پێویستە دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان بۆ هەموو پارێزگا و هەرێمەكان بەپێی ژماری دانیشتووان بێت.

محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی حزبی تەقەدومی عێراقی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی (X) ڕایگەیاندووە، لەڕوانگەی بەرپرسیارێتی سیاسی، پەرۆشیی بۆ سەقامگیربونی وڵات و پێدانی ماف بە خاوەن مافەكان لەسەرانسەری وڵاتدا، ئەم چەند خاڵە دەخاتەڕوو، كە مەبەستی سەرەكی چارەسەركردنی كێشەكانی نێوان هەولێر و بەغدادە.

ڕاشیگەیاندووە، دەرهێنان و بەكارهێنان و بەبازاڕكردن و هەناردەكردنی نەوت و غاز و سامانە سروشتییەكان، تەنها لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵییە.

دەشڵێت: هەروەها ئیدارەدان و پاراستنی سنور و دەروازەكان و سەپاندنی ڕسومات و ڕەسمی گومرگكی، تەنها لە دەسەڵات و تایبەتمەندیی حكومەتی فیدراڵییە و بەرپرسیارییەتی تەواوی دەبێت لە رێگریكردن لە قاچاخچییەتی.

حەلبوسی ئاماژەی بۆ ئەوەشكردوە، حكومەتی فیدراڵی كە تەواوی خەرجییەكان لەئەستۆ دەگرێت پێویستە دابەشكردنی تەرخانكراوە داراییەكان لە بودجە بۆ وەزارەت و پارێزگا و هەرێمەكان بەپێی ژمارەی دانیشتوان دادپەروەرانە بێت.



PM:03:43:05/06/2025