بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی لە نێوان دوو عەشیرەتی پارێزگایەکی عێراق ١٠ کەس برینداربوون و کەسێکیش گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی میدیا عێراقییەکان ئەمڕۆ دووشەممە، ٩ـی حوزەیرانی ٢٠٢٥،بەهۆی کێشەی کۆمەڵایەتی نێوان هەردوو عەشیرەتی ئەلسەواد و ئەلخەمیس لە شارۆچکەی ئەلسەلام لە پارێزگای میسان لە عێراق روویداوە و لە ئەنجامدا بووە هۆی گیان لەدەستدانی کەسێک و برینداربوونی ١٠ کەسی دیکە".
هەر بەپێی زانیارییەکان هێزە ئەمنییەکان ڕێوشوێنی ئەمنییان لە ناوچەکە گرتووەتەبەر و کۆنترۆڵی دەروازەکانی چوون و هاتنی شارۆچکەی ئەلسەلام توندتر کردووە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانیان بۆ ڕاوەدوونانی ئەو کەسانەی بەشداریی شەڕەکە بوونە.
تا ئێستا هێزە ئەمنییە عێراقیەكان نەیانتوانیوە ئاسایشی شارەكانی باشوور بپارێزن و دۆخەكە سەقامگیر بكەن، لە كاتێكدا بەردەوام شەڕی عەشایەرەكان لەم ناوچانە لە پەرەسەندندان بە چەكی بێمۆڵەتی قورسەوە، زۆرجار لەبەرامبەر هێزە ئەمنییەکانی عێراقیش دەوەستنەوە.